بەهۆی نەبوونی ئەمنییەتی ژینگەی کار و دۆخی نەگونجاوەوە، ۹ کرێکار لە شارەکانی کرمان، جوانڕۆ و لاھیجان لەکاتی کارکردندا تووشی ڕووداو بوون؛ لەم ڕووداوانەدا شەش کرێکار بریندار بوون و سێ کرێکاری دیکەش گیانیان لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی "هێرانا"، کرێکارێکی تەمەن ۳۷ ساڵ لە یەکێک لە گوندەکانی لاهیجان لە کاتی هەڵکەندنی بیردا بەهۆی هەرەسھێنانی دیواری بیرەکەوە کەوتە ژێر ئاوار و گیانی لەدەست دا.
لەلایەکی دیکەوە، کرێکارێکی بیناسازی لە جوانڕۆ بە ناوی بێستوون زارعی، تەمەن ٤۰ ساڵ، بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی قاتی سێیەمی بینایەکدا گیانی لەدەست داوە.
هاوکات، لە ڕۆژانی ڕابردوودا شەش کرێکاری کارگەی پۆڵای بووتیای کرمان تووشی ڕووداو بوون و بریندار بوون؛ سێ کەسیان لە کاتی بەستنی داربست لە بەرزایی کەوتوونەتە خوارەوە و سێ کرێکاری دیکەش بەهۆی ژەهراویبوون بە گازی دیئۆکسیدی کەربۆنەوە زیانیان بەرکەوتووە.
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران، نەبوونی ژێرخانی پاراستن و لاوازیی چاوەدێری بووەتە هۆی ئەوەی چینی کرێکار بەردەوام ببنە قوربانی ڕووداوەکانی کار.