کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێترین شەپۆلی سەرکوتی کەمینە ئایینییەکان؛ تاڵانکردنی ماڵی بەهاییان لە حەوت پارێزگا

12:23 - 6 خەرمانان 2726

لە نوێترین نموونەی پێشێلکردنی بەرچاوی مافی کەمینە ئایینییەکان لەلایەن ڕیژیمی ئیسلامییەوە، کۆمەڵگەی جیهانیی بەهاییەکان ئاشکرای کرد کە هێزە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە حەوت پارێزگا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییانی بەهایی و دەستیان بەسەر کەلوپەلی کەسییاندا گرتووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوو هێزە ئەمنییەتییەکان لە دیواری ماڵەکان سەرکەوتوون، دایک و باوکیان لە بەرچاوی منداڵە دوو ساڵانەکەیان دەسبەسەر کردووە، ئامێرەکانی مۆسیقایان زەوت کردووە و تەنانەت کیسە برنج و گوڵدانەکانیشیان پشکنیوە.

"سیمین فەهەندژ"، نوێنەری کۆمەڵگەی جیهانیی بەهایی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ، ئەم کردەوانەی بە "دزیی حکوومەتی لە ڕۆژی ڕووناکدا" ناو برد و ڕایگەیاند چوونی هێزەکان بۆ نێو ماڵەکان و بردنی زێڕ، ئەڵقەی هاوسەرگیری، ماشین و داراییەکانی خەڵک، هیچ ڕەوایەتییەکی یاسایی بەو کارە نادات.

ئەم ڕاگەیەندراوە لەکاتێکدایە کە پێشتریش چەندین ڕاپۆرت سەبارەت بە هەڵکوتانە سەر ماڵ و شوێنی کاری هاووڵاتییانی بەهایی و پشکنینی کەلوپەلە تایبەتەکانیان بڵاو کرابوویەوە.

ئەم شەپۆلە نوێیەی گوشار و تاڵانکردنی دارایی هاووڵاتییانی بەهایی لە شارە جیاوازەکانی ئێران، درێژەی سیاسەتی سیستەماتیکی کۆماری ئیسلامییە بۆ بێبەشکردنی کەمینە ئایینییەکان لە مافە سەرەتایی و ئابوورییەکانیان و سەپاندنی زیاتری سەرکوت بەسەریاندا.