ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی خەرمانان ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی دوو هێرشی ئاسمانیی جیاوازدا لە باکوور و باشووری غەززە، دوو فەرماندەی حەماس کراونەتە ئامانج.
لە بەیاننامەکەی ئەرتەشی ئیسرائیلدا هاتووە کە یەکێک لە هێرشەکان لە ناوچەی «ئەلشاتی» لە باکووری غەززە ئەنجام دراوە کە تێیدا «بیلال ئیبراهیم ساڵح ڕۆقەیعی»، فەرماندەی سیستەمی مووشەکیی دژەتانکی باڵی سەربازیی حەماس کوژراوە.
هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل ئەوەشی خستە ڕوو کە لە ڕەوتی هێرشێکی تردا لە ناوچەی «خان یوونس» لە باشووری غەززە، «عەزام ڕەفعەت عەبدعیبادەلە»، یەکێک لە ئەندامانی لیوای خان یوونسی حەماس، کوژراوە.
بەپێی ئەو بەیاننامەیە، هەر دوو کەسەکە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین گەڵاڵەیان بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئیسرائیل و هاووڵاتییانی ئیسرائیل داڕشتووە.
بە وتەی ئەرتەشی ئیسرائیل، ئەو دوو تێرۆریستە هەوڵەکانیان بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوەی توانا سەربازییەکانی حەماس خستووەتە گەڕ؛ کارێک کە ئەرتەشی ئیسرائیل بە پێشێلکردنی ئاگربەست ناوی بردووە.
ئەرتەشی ئیسرائیل ڕاشیگەیاند کە ئەم هێرشانە بە ئامانجی «لەناوبردنی مەترسییەکان» ئەنجام دراون.
گرووپی تێرۆریستیی حەماس سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و لە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبردا بەتایبەتی، چەندین هێرشی خوێناوی و دڕانەی دژی خەڵکی ئاسایی ئیسرائیل بەڕێوە بردووە و ئیسرائیل لە سزادان و هێرش بۆ سەر فەرماندە دیارەکانی ئەو گرووپە بەردەوامە و زیانێکی زۆری پێگەیاندوون.