کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وای‌نێت: قەیرانی ئابووری و ناڕەزایەتی لەنێو لایەنگراندا، کۆماری ئیسلامیی خستووەتە ژێر گوشارەوە

12:51 - 6 خەرمانان 2726

ماڵپەڕی ئیسرائیلیی "وای‌نێت" لە شیکارییەکدا نووسیویەتی کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی یەکێک لە ئاڵۆزترین قەیرانەکانی خۆی بووەتەوە و دابەزینی بەهای ڕیاڵ، تێچووەکانی شەڕ، گوشارەکانی ئەمریکا و زیاتربوونی ناڕەزایەتییە نێوخۆیییەکان، پایەکانی ڕەوایی ڕێژیمیان بێهێز کردووە.

لەو شیکارییەدا هاتووە کە داڕمانی بەهای ڕیاڵ تا ۲۰۰ میلیۆن ڕیاڵ بەرانبەر بە هەر دۆلارێک و هەڵاوسانی توند، گوشاری بژێویی ژیانی زیاتر کردووە و ئەوەی وەک پەیمانی متمانە لە نێوان بەشێک لە کۆمەڵگە و دەسەڵاتدا لە بەرانبەر سەقامگیریی ئابووریدا وەسف دەکرا، لەنێو چووە.

بە وتەی نووسەر، ئەم دۆخە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەپۆلێکی نوێی خۆپیشاندانەکانی لێ دەکەوێتەوە.

وای‌نێت هەروەها کوژرانی عەلی خامنەیی و ئەوەی وەک شکستهێنانی کۆماری ئیسلامی لە تۆڵەسەندنەوەی ناوی دەبات، بە هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتی لەنێو بەشێک لە لایەنگرانی ڕیژیم دادەنێت.

بەپێی ئەم شیکارییە، هەوڵەکان بۆ پێشبردنی دانوستانەکانیش لەنێو بەشێک لە لایەنگرە توندڕەوەکاندا بووەتە هۆی دروستبوونی هەستی لاوازیی ڕێژیم بەرانبەر بە ڕۆژاوا.

ئەم شیکارییە توندترکردنی جێبەجێکردنی حیجابی زۆرەملێش بە نیشانەیەکی دیکەی قەیرانی ڕێژیم دەزانێت و پێی وایە زۆربوونی گوشار لەسەر ژنان، لە دۆخی کێشە ئابووری و ئەمنییەتییەکاندا، دەتوانێت ناڕەزایەتییەکان بۆ بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بگوازێتەوە.

وای‌نێت لە کۆتاییدا دەنووسێت درزەکان ئێستا لە لاوانی دژبەری ڕێژیمەوە تا بەشێک لە بنکەی نەریتی و وەفاداری کۆماری ئیسلامی تەشەنەیان سەندووە و کۆمەڵەی گوشارە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، قەیرانی ڕەوایی کۆماری ئیسلامیان قووڵتر کردووەتەوە.