کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە شاری هەولێر

10:19 - 12 گەلاوێژ 2726

بەپێی هەواڵی ناوەندی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ۱۱ی گەلاوێژی ١٤٠٥، مستەفا قاسمی حەسەنوەند، شاعیر و چالاکی سیاسی و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، ئەندامی حیزبی دێموکرات و خەڵکی شاری ئەلەشتەر سەر بە پارێزگای لۆڕستان، بە کارەساتێکی دڵتەزێن لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.

 ناوبراو پێشتر لەلایەن بەناو دادگاکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و پاش تێپەڕاندنی ١٠ مانگ لە بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی خوڕەماوا، سزاکەی بۆ "ڕەئی باز" گۆڕدرا.

مستەفا پاش ئازادبوونی لە نامەیەکدا ئاشکرای کرد کە لە بەندیخانەدا ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونی بووەتەوە و پاشان پەنای بۆ باشووری کوردستان هێنا و لە ڕیزەکانی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتدا ئەندامیەتیی وەرگرت و درێژەی بە خەباتی خۆی دا.

ناوەندی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ناوبراو و خەڵکی لۆڕستان دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.