جارێکی تر سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی یەکگرتووانەی خەڵکی مافویستی کوردستان و ئێران ترسی خستە دڵی بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە و لەو پێوەندییەدا، فەرماندەیەکی سپای تێرۆریستیی پاسداران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لەبارەی ئەگەری سەرهەڵدانی خولێکی نوێی ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا هۆشداریی دا.
ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاو کرایەوە، ئەمریکا و ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کردووە کە هەوڵیان داوە گەڵاڵەی گوشاری نێوخۆیی دژی کۆماری ئیسلامی داڕێژن.
ئەم ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەی ڕێژیم بانگەشەی ئەوەی کردووە کە «چالاککردنەوەی ناوەندە قەیراناوییەکان، شەڕی ڕەوانی، تێکدانی بازاڕەکانی دراو و دارایی و کردەوە دژەئەمنییەکان» لەوانە «هەڵبژاردەکانی بەڕێوەبردنی دۆسییەی ئێران» لەلایەن «دوژمن»ـەوەن.
«گەورەکردن و کەڵکوەرگرتن لە هەندێک لاوازی، کەموکوڕی و سنووردارکردنی ناوخۆیی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات» و «هاندانی خەڵک بۆ گواستنەوەی ناڕەزایەتییەکان بۆ سەر شەقامەکان» ئەو تۆمەتانەن کە ڕێژیم دەیخانخاتە پاڵ "دوژمن"ی دەرەکی.
لە هەمان کاتدا، لەو بەیاننامەدا باس لە ئامادەکاریی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان کراوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و کەمیی بەنزین، هۆشداریی بەرپرسان و میدیاکانی ڕێژیم سەبارەت بە ئەگەری سەرهەڵدانی خولێکی نوێی ناڕەزایەتی لە ئێراندا ڕووی لە زیادبوون کردووە.
شایانی باسە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە مێژووی خۆیدا هەمووکات خواست و داواکاریی ڕەوای خەڵکی ئێران و نەتەوە بندەستەکانی بە هەوڵی دوژمنان و هۆکاری دەرەکی گرێ داوە و خۆی لە هەر جۆرە بەرپرسایەتییەک لە ئاستی ئەو ماف و داواکارییانەدا بێبەری کردووە و تەنیا وڵامی بۆ بەدیهاتنی ئەو مافانە، سەرکوت و کوشتار و لەسێدارەدان بووە.