کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا بانکێکی ئێماراتی بەهۆی هاوکاریکردنی تاران سزا دا

08:46 - 7 خەرمانان 2726

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا بەهۆی ئاڵوگۆڕکردنی ١.٨ میلیارد دۆلار لە نێوان مانگی ژانویەی ٢٠٢٤ و ژووئیەی ٢٠٢٦ بۆ ۱۰۳ کۆمپانیای سەربە "تۆڕی بانکیی سێبەر"ی ئێران هەنگاوێکی دژی بانکێکی ئێماراتی گرتە بەر.

لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری"، تۆڕی جێبەجێکردنی تاوانە داراییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا پێشنیاری لێسەندنەوەی دەستڕاگەیشتنی بانکی میسر (Banque Misr)ی لە ئێمارات بە سیستەمی دارایی ئەمریکا کرد.

سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداری ڕایگەیاند واشنگتۆن هەر ڕێگەیەک دەبڕێت کە تاران بۆ ڕاکردن لە گەمارۆکان بەکاری دێنێت و ئاماژەی بەوە دا پاڵپشتیکارانی ئێران ناتوانن کەڵک لە دۆلاری ئەمریکا وەربگرن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، تاران ئەم تۆڕانەی بۆ دەستگەیشتن بە دۆلار، سپیکردنەوەی پارە، کڕینی چەک و دابینکردنی دارایی بۆ گرووپە نیابەتییەکانی بەکار هێناوە.

کڕیارەکانی ئەم بانکە شیرکەتی ڕواڵەتیی وەزارەتی بەرگری، سپای پاسداران و نوێنەرانی موجتەبا خامنەیی بوون.

هاوکات، نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایەکانی دەرەوەی ئەمریکا  OFAC، ڕەزا محەممەد تەئیدی، بەڕێوەبەری لقی دوبەی بانکی میللی و شیرکەتێکی ڕواڵەتیی لە هۆنگ کۆنگ کە هاوکاریی سەڕافییەکی ئێرانی کردبوو، خستە لیستی گەمارۆکانەوە.