کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانوونی مافی مرۆڤی ئێران: لە مانگی گەلاوێژدا لانیکەم ٧٢ بەندکراو لە سێدارە دراون

09:14 - 7 خەرمانان 2726

کانوونی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند لە مانگی گەلاوێژی ١٤٠٥دا، لانیکەم ٧٢ بەندکراو لە بەندیخانە جیاوازەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سێدارە دراون.

لەنێو لەسێدارەدراوەکاندا ٣ ژن، ٥ کەس لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی ١٤٠٤، چوار بەندکراوی بەلووچ، ٥ بەندکراوی کورد و منداڵ-تۆمەتبارێک هەیە کە لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا تەمەنی ١٦ ساڵ بووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، بەندیخانەی دەستگردی ئێسفەهان بە ٨ حاڵەت و قزڵحەساری کەرەج بە ٦ حاڵەت، بەرزترین ئاماری لەسێدارەدانیان تۆمار کردووە.

کانوونی مافی مرۆڤی ئێران وێڕای ئاماژەدان بە نەبوونی دادڕەسیی دادپەروەرانە و بێبەشکردنی زیندانییان لە مافی پارێزەر، ناوی ٥ خۆپیشاندەرە لەسێدارەدراوەکەی بەم شێوەیە ڕاگەیاندووە: ئەبوولفەزل سپاهی، ئەمیرحوسێن سەفەری، ئاروین خێرخواهان، شەهرام سادقی و مەجید ئادینە.

مەحکوومکردنی ئەم ئامارە بەرزەی سێدارە لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بەردەوامە.

لەم ڕاستایەدا، دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا، سەرکوت و کوشتاری دژبەرانی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە قەیرانێکی گەورەی مرۆیی وەسف کردووە و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانی کردووە.