کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پزیشکیان: هەناردەکردن ٣٥٪ کەمی کردووە و هەڵاوسان گەیشتووەتە ٦٦٪

09:17 - 7 خەرمانان 2726

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئێوارەی هەینی ٦ی خەرمانان لە بەرنامەیەکی تلویزیۆنیدا ڕایگەیاند بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا و گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی ئێرانەوە، هەناردەی وڵاتەکەی نزیکەی ٣٥٪ کەمی کردووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە هاوكات لەگەڵ زیاتربوونی گوشارەکانی شەڕ، ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە ٦٦ لەسەد.

ئەم دۆخە ئابوورییە نیگەرانیی قووڵی لای دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران دروست کردووە.

لە پەیامێکی نووسراودا کە بە موجتەبا خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ناو براوە، داوا لە ڕێژیم کراوە بەپەلە ڕێکار بۆ چارەسەرکردنی زنجیرە کێشە ئابووری و بژێوییەکان لەوانە هەڵاوسان، بێکاری و کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ بگرێتە بەر.

پزیشکیان ئاماژەی بەوەش دا کە لە ماوەی کورتخایەنی جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنی مانگی ژوئەن لە نێوان تاران و واشنگتۆندا، ئێران توانیویەتی نزیکەی ٩٠ میلیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشێت، چونکە لەو قۆناغەدا ئەمریکا ڕێگەی بە فرۆشتنی نەوتی ئێران دابوو.

شایانی باسە کە ڕێژیمی ئێران هاوکات لەگەڵ گوشاری ئابووری، لێکەوتەکانی شەڕ، سزا نوێیەکانی ئەمریکا و ناڕەزایەتیی بەربڵاوی نێوخۆیی بەرەوڕوویە و توشی ئاڵۆزترین قەیرانی ڕەوایی و حوکمڕانی لە مێژووی خۆیدا بووەتەوە.