نەعیم قاسم سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان جارێکی تر پێداگریی لەسەر بەردەوامبوونی لە کردەوە تێرۆریستییەکانی کردەوە و ڕێککەوتننامەی نێوان لوبنان و ئیسرائیلی ڕەت کردەوە و بە "هەڵە و ناڕەوا" لەقەڵەمی دا.
نەعیم قاسم سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا ڕۆژی هەینی ٦ی خەرمانان لە وتارێکی تلویزیۆنیدا وتی: "ئامادە نین خۆ بەدەستەوە بدەین و ئێمە دژایەتیی ڕێککەوتننامەی سنووردار دەکەین و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکەین".
لوبنان و ئیسرائیل دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ و هێرشی حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل کە هاوکات هێرشی بەرفراوان و پەلاماری زەمینیی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی ئەو گرووپە لە باشووری لوبنانی بەدواوە بوو، بە نێوەندگیریی ئەمریکا چوونە نێو دانوستانی ڕاستەوخۆوە".
بەرپرسانی دەوڵەتی لوبنان ڕایانگەیاندووە کە لەو شەڕەدا زیاتر لە چوار هەزار و ٣٠٠ کەس کوژراون.
ئیسرائیل و لوبنان لە دانوستانەکانی کۆتایی مانگی ژووئەندا ڕێککەوتننامەیەکی سنوورداریان واژۆ کرد کە خاڵەکانی چەککردنی حیزبوڵڵا، پاشەکشەی قۆناغ بە قۆناغی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان و جێگیرکردنی ئەرتەشی لوبنان لەو ناوچەیەی تێدا گونجێندرابوو.
بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە پرۆسەکە بڕیار بوو لە «ناوچە تاقیکارییەکانەوە» دەست پێ بکات.
پێشتریش نەعیم قاسم ئەم ڕێککەوتننامەی بە «ناڕەوا، نایاسایی، چەوسێنەر و پێشێلکرانی سەروەریی لوبنان» وەسف کرد و وتی کە حیزبوڵڵا دژایەتیی ناوچە تاقیکارییەکان و هەر چەشنە سازوکارێکی ڕاستیدۆزی لەوبارەیەوە دەکات.
گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان یەکێک لە مەترسیدارترین هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا بە ئەژمار دێت و لە سەرەتای دامەزرانییەوە ڕێژیمی تاران هەموو تێچووە مادی و چەکوچۆڵییەکانی لە ئەستۆ گرتووە و لە هەزاران کردەوەی تێرۆریستیدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە.