ڕۆژنامەی "واڵستریت ژۆرناڵ" لە سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا بە نێوبژیوانان و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ڕاگەیاندووە هیچ ویستێکی بۆ گەڕانەوە بۆ مەرجەکانی یادداشتی لێکتێگەیشتنی مانگی جۆزەردان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا نییە.
ئەم ڕەتکردنەوەیەی کۆشکی سپی، پرۆسەی دیپلۆماسیی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بەتەواوی ئاڵۆز کردووە.
ئانا کێلی، وتەبێژی کۆشکی سپی جەختی لەوە کردەوە هیچ دانوستانێک لەگەڵ تاران بەڕێوە ناچێت و پلانیشی بۆ دانەنراوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد گەمارۆی دەریایی و هەڵمەتی "گۆشەگیرکردنی ئابووری" بە تەواوی هێزەوە بەردەوامن بۆ پچڕاندنی شادەماری ئابووریی تاران.
هەروەها ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "ئەلجەزیرە" ڕایگەیاند هیچ خشتەیەکی کاتیی بۆ دانوستان نییە و هەر دوو ڕێکاری سەربازی و ئابوورییان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە بەکار هێناوە.
یاداشتی لێکتێگەیشتنە ١٤ خاڵییەکە لە ٢٧ی جۆزەرداندا بە نێوبژیوانیی پاکستان و قەتەر بۆ ئاگربەستێکی ٦٠ ڕۆژە و ئاساییکردنەوەی ڕەوشی گەرووی هۆرمۆز واژۆ کرا، بەڵام دوای چەند حەفتەیەک بەهۆی هێرشەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران بۆ سەر کەشتییەکان هەڵوەشایەوە.
ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە هەناردەی نەوتی ئێران گەیشتووەتە سفر و قەیرانی سووتەمەنی بەرۆکی تارانی گرتووە، لە بەرانبەریشدا سپای پاسداران مەرجدارکردنی کردنەوەی گەرووی هۆرمۆزی بە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنەکە بەستووەتەوە.