قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران لە لێدوانێکی هەڕەشەئامێزدا هەڕەشەی هێرشی ئەتۆمیی دژی ئیسرائیل کرد و ڕوو لە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند؛ ئێران بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل، پێویستی بە چەکی ئەتۆمییە.
ئیبراهیم زوڵفەقاری، وتەبێژی قەرارگای خاتەمولئەنبیا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بەئاشکرا ڕوو لە نێتانیاهوو نووسیویەتی: "ئێمە پێویستمان بە چەکی ئەتۆمییە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو شێتییانەی ئێوە بهێنین."
پێشتر بێنیامین نێتانیاهوو ڕایگەیاندبوو: "خاوەندارێتی ئێران بۆ چەکی ئەتۆمی بە واتای کۆتاییهاتنی ئیسرائیل و گەلی جوو دێت."
لە بەرانبەردا، نێتانیاهوو جەختی کردبووەوە، ئیسرائیل چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی هیچ لایەنێک ناکات و بۆ ڕێگریکردن لە لەنێوچوونی خۆی و بۆ ئەو مەبەستە هەنگاوی پێویست دەنێت.
ئەو هەڕەشانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەکاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەیەک دەدات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی شەڕی سەرانسەری لە ناوچەکەدا.
لەلایەکی دیکەوە موحسن ڕەزایی، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم، لە چاوپێکەوتنێکی تلویزیۆنیدا بۆ جارێکی دیکە هەڕەشەی لە نێتانیاهوو کرد و ڕایگەیاند؛ "هەڵە گەورەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کۆتایی ئیسرائیلی نزیک کردووەتەوە."
پێشتریش ئەمریکا و ئیسرائیل و دەیان وڵاتی دیکەی جیهانی پێداگرییان لەسەر ئەوە کردبوو کە نابێت ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەهۆی هەوڵە شەڕەنگێزییەکانیەوە، ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.
هەروەها ڕۆژی هەینی ١٩ی پووشپەڕ، شۆرای ئەمنییەت لە کۆبوونەوەیەکدا لە بنکەی سەرەکیی خۆی بۆ چەندەمین جار بەنیسبەت دۆسییەی ئەتۆمیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هیچکات و بارودۆخێکدا نابێت دەستی بە چەکی ناوکی بگات.
لەو پێوەندییەدا، سێناتۆر ڕاف چیکۆنی، سەرۆکی کۆمیتەی هاوبەشی زانیاری و ئەمنییەتی پارلەمانی ئوسترالیا، پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی نابێت هیچکات دەستی بە چەکی ناوکی بگات.
شایانی باسە هەرچەند ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە بەردەوام دروشمی لەنێوبردنی ئیسرائیلی بەرز کردووەتەوە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە بە شێوەیەکی ڕاشکاوانه باس لە هێرشی ئەتۆمی بۆ سەر ئیسرائیل دەکات.