کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام: ڕێڕەوی ٨٢ کەشتیی بازرگانی لە ئۆپەراسیۆنی گەمارۆدانی ئێراندا گۆڕدراوە

13:17 - 7 خەرمانان 2726

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) لە پەیامێکدا ڕایگەیاند هێزەکانیان لە کاتی جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران، ڕێڕەوی ٨٢ کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە.

سێنتکام ئاماژەی بەوەش کردووە کە تا ٦ی خەرمانان، بۆ دڵنیابوونەوە لە پێبەندبوون بە بڕیارەکان، هێزەکانیان سێ کەشتیی بازرگانییان لەکار خستووە و دەسیان بەسەر دوو کەشتیی دیکەشدا گرتووە.

ئەم ئامارە نوێیە بەراورد بە سەرەتای ڕۆژی پێنجشەممە کە ڕێنماییکردنی ٧٥ کەشتی ڕاگەیاندرابوو، ڕووی لە زیادبوون کردووە، لەکاتێکدا ژمارەی کەشتییە دەسبەسەرکراو و لەکارخراوەکان وەک خۆیان ماونەتەوە.

هاوکات لەگەڵ تێپەڕبوونی نزیکەی شەش مانگ بەسەر دەستپێکردنی هەڵمەتی سەربازیی ئەمریکا، هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی سێنتکام بە مەبەستی ڕێگری لە ڕێڕەوە بازرگانییەکانی تاران، لە ناوچەکەدا لە چالاکیی بەردەوامدان.

سێنتکام ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند کە لە ماوەی ڕابردوودا بە پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا، نزیکەی ۱۵۰۰ کەشتیی بازرگانی بە ۷۵۰ میلیۆن بەرمیل نەوتی خاوەوە بە سەلامەتی لە گەرووی هۆرمۆز پەڕیونەتەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

هەروەها کۆشکی سپی بەپشتبەستن بە ئامارەکانی سێنتکام و وتەکانی ترامپ سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هۆرمۆز لەلایەن ئەمریکاوە وتی: " سەرۆککۆماری ئەمریکا چەندین جار ڕایگەیاندبوو هێزی دەریایی ئەمریکا کۆنتڕۆڵی ئەو گەرووەی لەدەستدایە، ئەم ئاوڕێگەیە کراوەیە و کەشتییەکان دەتوانن بە پاراستنی ئەمریکاوە تێپەڕ ببن."