مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند ئاڵۆزی و ئاستەنگەکانی سەردەمی شەڕ ڕێگرییان لە هاوردەکردنی بەنزین بۆ نێو وڵات کردووە، لەکاتێکدا دەوڵەتەکەی بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنیی دەرەوەی پشکە پشتیوانیکراوەکان تاوتوێ دەکات.
پزیشکیان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تلویزیۆنی ڕێژیمدا وتی: "ئێمە لە شەڕداین و دەبێت پێش هەموو شتێک قەبووڵ بکەین کە لە دۆخێکی جەنگیداین. ڕێڕەوەکە لە ئێستادا داخراوە و کاڵا ی پێدا نایەت، کە یەکێک لەو کاڵایانەش بەنزینە."
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد دەوڵەت دەیەوێت نرخی بەنزینی ئاستی سێیەم دوو بەرانبەر بکاتەوە و نرخەکەی لە ٥ هەزار تمەنەوە بۆ ۱۰ هەزار تمەن بەرز بکاتەوە.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە هێشتا کاتی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دیاری نەکراوە و پێش جێبەجێکردنی، لەگەڵ مەجلیس و دەسەڵاتی دادوەریدا هاواهەنگی دەکرێت.
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدان کە بەپێی ئامارەکان ڕۆژانە ١٤ میلیۆن لیتر کورتهێنانی بەنزین هەیە و لە ڕۆژانی ڕابردووشدا ڕیزێکی درێژ لە بەنزینخانەکاندا دروست بووە.