کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازادی ئێراندا ٢٠٥ هەزار تمەنی تێپەڕاند

14:37 - 7 خەرمانان 2726

لە کاتێکدا گوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا توندتر دەبن و بەرپرسانی تاران دان بە سفربوونەوەی داهاتی نەوتدا دەنێن، داڕمانی بێوێنەی بەهای تمەن ڕووی لە هەڵکشانە و ئابووریی ئێران لە لێواری قەیرانێکی قووڵتردا ڕاوەستاوە.

نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازادی ئێراندا بەربەستی ٢٠٥ هەزار و ٥٠٠ تمەنی تێپەڕاند و حەواڵەی دۆلاریش گەیشتە ٢٠٩ هەزار تمەن.

هاوکات پۆندی بریتانیا بە ٢٧٧ هەزار تمەن و سکەی ئیمامی بە ٢١٨ میلیۆن تمەن مامەڵەیان پێوە کرا؛ ئەمەش دوای ئەوە بوو کە وەزارەتی دارایی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی "گۆشەگیرکردنی ئابووری"ی دەستپێکرد و سزای نوێی بەسەر کەرتە بانکییەکاندا سەپاند.

مەسعوود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران ئاشکرای کرد کە بەهۆی گەمارۆی دەریایی و سزاکانەوە، بازرگانیی دەرەکییان ٣٥٪ دابەزیوە و عەبدولناسر هێمەتی بەرپرسی بانکی ناوەندیش پشتڕاستی کردەوە کە هەناردەی نەوت بەتەواوی وەستاوە.

شارەزایان و سێناتۆرەکانی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە ئەم گوشارانە بوونەتە هۆی بچووکبوونەوەی ئابووریی ئێران و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بۆ ٧٠ لەسەد.