کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزڕاگرتنی یادی قوربانییان و لەسێدارەدراوانی دەیەی ٦٠ لە بەندیخانەی ئێڤین

15:40 - 7 خەرمانان 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ئەمڕۆ شەممە ٧ی خەرمانان کۆمەڵێک لە زیندانییانی سیاسیی بەندی ٧ی زیندانی ئێڤین، هاوکات لەگەڵ ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژیی زیندانییانی سیاسی لە هاوینی ١٣٦۷دا، ڕێوڕەسمێکیان بۆ بەرزڕاگرتنی یادی قوربانییانی ئەو ڕووداوە بەڕێوە برد.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، بەشداربووان لەم ڕێوڕەسمەدا بە هەڵواسینی وێنە و تابلۆی تایبەت بەو کارەساتە مرۆییە لە ڕێڕەوی بەندەکەدا و بە وتار و هۆنراوە و کۆمەڵێک سروود، جەختیان لەسەر پێویستیی زیندووڕاگرتنی یادی لەسێدارەدراوان و درێژەدان بە مافویستیی خۆیان کردەوە.

لە سەرەتای ئەو ڕێوڕەسمەدا، ئەو وێنانەی کە زیندانییان بەبۆنەی ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژیی هاوینی ١٣٦۷ەوە ئامادەیان کردبوو، لە دیواری ڕێڕەوی بەندەکەدا هەڵواسراون.

دوای هەڵواسینی تابلۆکان، ژمارەیەک لە زیندانییان سەبارەت بە ڕەوتی سەرکوتکردنی زیندانییانی سیاسی لە دەیەی ٦٠ و بەتایبەت لەسێدارەدانەکانی هاوینی ١٣٦۷ وتاریان پێشکەش کرد.

هەروەها ئەو بەندکراوانەی بەندی ٧، سیاسەتی سەرکوتکردنی نەیاران و ناڕازییانیان بە ڕەوتێک وەسف کرد کە لە دەیەکانی دواتریشدا بەردەوام بووە.

شایانی باسە گرنگیی بەڕێوەچوونی وەها ڕێوڕەسمێک لەنێو زیندانی ئێڤیندا لەکاتێکدا زیاتر خۆی دەنوێنێت کە زیندانییان سەرەڕای بێبەشبوون لە ئازادی و سنووردارکردنە بەرچاوەکانی نێو زیندان، هەوڵیان داوە یادی قوربانییانی لەسێدارەدانە سیاسییەکان بەزر ڕابگرن و داواکاریی مافویستیی بۆ نەوەکانی داهاتوو بگوازنەوە.

لە بەشێکی تری وتارەکاندا، ئاماژە بە پەرەسەندنی ئەو هەڵوێستە جیهانییەی پێوەندیدار بە هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان کرا.

هاوکات وتاربێژان جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدانیان لە ئێراندا بە بەشێک لە سیاسەتی دروستکردنی ترس لە کۆمەڵگە وەکوو ئامرازێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان زانی.

پەیامی سەرەکیی ئەم بەرنامەیە، پاراستنی یادی قوربانییانی کۆمەڵکوژیی ٦٧، دژایەتیکردن لەگەڵ سزای لەسێدارەدان و جەختکردنەوە لەسەر درێژەدان بە دادخوازی و تێکۆشان لەپێناو ئازادیدا ڕاگەیەندرا.

ڕێوڕەسمی بەندی ٧ی زیندانی ئێڤین لە کۆتاییدا بە هاوئاوازی و خوێندنەوەی بە کۆمەڵی سروودی «خون ارغوان‌ها» کۆتایی هات.

ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، هەزاران چالاکی سیاسی و کەسانی ئازادیخواز و جیابیر، لەلایەن ڕێژیمی جینایەتکاری ئیسلامیی ئێرانەوە لە زیندانەکاندا لە سێدارە دران.

لەو کاتەدا، هەیئەتێک بە فەرمانی "خومەینی" دامەزرا کە "حوسێن‌عەلی نەیری"،  زانای ئایینی، "مۆرتەزا ئەشراقی"، بەناو دادوەری ئەو کاتی تاران، "ئیبراهیم ڕەئیسی"، جێگری دادوەری تاران و "مستەفا پوورمحەممەدی"، نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعات، ئەندامانی ئەم هەیئەتە بوون و بڕیاریان لەسەر لەسێدارەدانی ٤ هەزار کەس لە دژبەران و ڕەخنەگرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دا.