بەپێی هەواڵێک کە بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، ئەمڕۆ شەممە ٧ی خەرمانان، ئەو ٥٨ هاووڵاتییەی پیرانشار کە ساڵی ڕابردوو بە لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکی، بەشداریکردن لە شاییەکدا کردبوو، بە پێبژاردنی سزای نەختی مەحکووم کران.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی بە بەشی هەواڵ گەیشتووە، ئەمڕۆ شەممە ٧ی خەرمانان، بەناو دادگای ئێنقلابی ڕێژیم لە ورمێ هەرکام لەو ٥٨ هاووڵاتییەی بە ٢٠ میلیۆن تمەن پێبژاردنی نەختی سزا داوە.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤، کۆبوونەوەی دادگاییکرانی ٥٨ هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بەڕێوە چوو کە پێشتر بە تاوانی لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکی دەسبەسەر و دۆسییەیان بۆ کرابووەوە.
ئەم ٥٨ هاووڵاتییە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" لە شاییەکدا و بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی ڤیدیۆکانیان لە سۆشیاڵ میدیا بانگی یەکێک لە لقەکانی لێپرسینەوەی دادگای ئینقلابی پیرانشار کران.
دوابەدوای دەرکردنی ئەو سزا ناڕەوایە، زۆربەی ئەم ٥٨ کەسە هەر بە جلی خاکییەوە بەشدارییان لەم کۆبوونەوەی ئەو بەناو دادگاییەدا کرد و سەبارەت بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام بەرگرییان لە خۆیان کردووە و وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتە، ڕایانگەیاندبوو: "ئەو جلوبەرگە لە بازاڕەکانی ئێران و کوردستاندا هەیە و زۆر بە ئاسانی دەست دەکەوێ و لە شوێنێکی دیکەوە نەهاتووە، بۆیە هیچ تۆمەتێک لەوبارەوە قەبووڵ ناکەین."
دواتر ڕێژیم بە گوشارخستنە سەر بەڕێوەبەرانی هۆڵەکانی بەڕێوەبردنی شایی و زەماوەند لە شارەکانی کوردستان، هەوڵی دا جلوبەرگی خاکی قەدەغە بکات.
بەپێی زانیارییەکان، لەسەر کارتێکی بانگهێشتکردنی شاییەکان لە شارەکانی کوردستان، لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکی قەدەغە کراوە و نووسراوە: "بە فەرمانی بەڕێوەبەری تالار کەواپانتۆڵی خاکی قەدەغە کراوە."
ئەم هەوڵەی ڕێژیم بۆ گوشارخستنە سەر بەڕێوەبەرانی هۆڵەکانی شایی لە شارەکانی کوردستان لەکاتێکدایە کە ئازادیی لەبەرکردنی جلوبەرگ لە مافە بنەڕەتییەکانی هەر تاکێکە و ئەمە بە مانای پێشێلکردنی ئاشکرای ئەم مافە بۆ هاووڵاتییانە.
شایانی باسە دوابەدوای ئەو هەوڵەی ڕێژیم، خەڵکی کوردستان، بڕیاری ناودێرکردنی نەورۆزی ساڵی ڕابردوویان بە ناوی "نەورۆزی خاکیپۆشان" و وڵامێکی توندیان بە کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دایەوە.