کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێژووییەکی نوێ بۆ زانستی کوردی؛ زانایەکی کورد بووە ئەندامی ئەنجومەنی جیهانیی SPIE

13:21 - 8 خەرمانان 2726

لە دەستکەوتێکی گەورە و بێوێنە لە مێژووی زانستیی کوردستاندا، پڕۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی، فیزیکزانی ناسراوی کورد، بەفەرمی بووە ئەندامی ئەنجومەنی جیهانیی ئۆپتیک و فۆتۆنیک (SPIE).

پڕۆفسۆر ئیبراهیم کەریمی لە ساڵی ١٣٥٧ لە شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە.

ناوبراو ئێستا وەک سەرۆکی پەیمانگای کوانتۆم و مامۆستا لە زانکۆی ئۆتاوا لە کانادا و زانکۆی چاپمان لە ئەمریکا خزمەت بە زانستی جیهانیی دەکات.

ناوبراو پێشتر چەندین خەڵاتی مەزنی جیهانیی وەک خەڵاتی ناسراوی هێرزبێرگ لە فیزیک و میداڵی ڕادێرفۆرد بۆ دەستکەوتە زانستییەکان لە تێکنۆلۆژیی کوانتۆمی بەدەست هێناوە.

ئەنجومەنی جیهانیی SPIE کە لە ساڵی ١٩٥٥ دامەزراوە، دەزگایەکی جیهانیی پێشەنگە بۆ پشتیوانیکردن لە زانست، لێکۆڵەران و زانایانی بواری تیشک و ڕووناکی.

ئەم ئەنجومەنە ساڵانە بە ڕێکخستنی کۆڕ و کۆنفرانسی تایبەت، پاڵپشتیی کەسانی کارا لە بواری تێکنۆلۆژییە نوێیەکانی ڕووناکیدا دەکات.

شایانی باسە ئەمە یەکەمجارە لە مێژوودا کە زانایەکی کورد دەگاتە ئەم پلە زانستییە جیهانییە باڵایە.

ئەم سەرکەوتنە گەورەیە دەرخەری ئەوەیە کە سەرەڕای پشتگوێخرانی توانای زانایانی گەلی کورد لەلایەن ڕێژیمی دەسەڵاتدار و پاڵپشتینەکردنیان لە بوارەوە زانستییەکاندا، تەنیا بە پشتبەستن بە ئیرادە و ماندووبوونی خۆیان توانای زانستییان پەرە پێبدەن و بیسەلمێنن کە ڕۆڵەکانی کوردستان دەتوانن لە بەرزترین ئاستی جیهانیدا پێشەنگ بن.