بەپێی ڕاپۆرتە مافی مرۆییەکان، ژمارەیەک لە بنەماڵە مافویستەکانی زیندانییە سیاسییە لەسێدارەدراوەکانی هاوینی ٦٧، جارێکی تر لە چوونەژوورەوە بۆ گۆڕستانی خاوەران بێبەری کران و وەک ساڵانی ڕابردوو لە پشت دەرگا داخراوەکاندا، یاد و بیرەوەریی خۆشەویستەکانیان بەرز ڕاگرت.
ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە نیشان دەدات ئەو بنەماڵانە ڕۆژی هەینی ٦ی خەرمانان، پاش چوونەژوورەوە بۆ خاوەران لەلایەن ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە پێشیان پێگیراوە و لە سەردانکردنی گڵکۆی ئازیزانیان بێبەش کراون.
ئەو بنەماڵانە بە گوڵ و وێنەی خۆشەویستەکانیان لە پشت دەرگا داخراوەکانی گۆڕستانی خاوەراندا یادی ئازیزانی لەسێدارەدراوی خۆیان بەرز ڕاگرت و هەروەها بۆ ڕێزلێنان لە یادی سەرجەم قوربانییانی کۆمەڵکوژیی ٦٧، سروودی «کاروانی شەهید"انیان پێکەوە خوێندەوە.
شایانی باسە بنەماڵە مافویستەکانی زیندانییە سیاسییە لەسێدارەدراوەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی، ساڵانێکی زۆرە بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی یادەوەریی خۆشەویستەکانیان ڕووبەڕووی سنووردارکردن و قەدەغەکردنی چوونەژوورەوە بۆ خاوەران دەبنەوە.
لەسێدارەدانی زیندانییە سیاسییەکان لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی، بەتایبەت هاوینی ٦٧ بە فەرمانی خومەینی، ڕێبەری ئەوکاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕووی دا و بەپێی ئامارەکان چەندین هەزار کەس لە زیندانییە سیاسی و عەقیدەتییەکان لە ساڵی ٦٧ و بەتایبەت لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەرماناندا بە شێوەیەکی نهێنی لە سێدارە دران و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی وەک خاوەراندا نێژران.