سەرلە بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٨ی خەرمانانی ١٤٠٥، لە دووەمین ڕۆژی کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان (UNPO)، سۆفیا ئەمینی نوێنەری کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە دەنگدانی ئەندامانی کۆبوونەوەی گشتی وەک جێگری سەرۆکی گشتی هەڵبژێردرا.
هەیئەتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆنگرەی UNPO ڕایگەیاند کە ئەم پۆستە هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی بەشداریی کورد لە دامەزراوە و پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکاندایە.
هەیئەتی بەشدار هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ گەلی کورد بە گشتی، چونکە بوونی کوردێک لە پۆستێکی بەرزی UNPO دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە بەرزکردنەوەی دەنگی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان لە کۆبوونەوە و گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکاندا هەبێت.
سۆفیا ئەمینی جێگری سەرۆکی گشتی ئاماژەی بەوەدا کە ئەم هەڵبژاردنە دەسکەوتی بەشداری و کار و خەباتی نوێنەرایەتیی کوردستانی ئێران لە ناو UNPO و هەوڵەکانی بۆ گەیاندنی دەنگ و داواکارییەکانی گەلی کورد و گەلانی تری ژێردەست بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.