بەپێی ڕاپۆرتی ئۆرشەلیم پۆست، یوونان بڕیارە گرێبەستێکی بەرگریی گرنگ و مێژوویی بە بڕی ٣.٦ میلیارد دۆلار لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ بکات؛ ڕێککەوتننامەیەک کە یوونان دەتوانێت بەم سیستەمە یەکگرتوو و چەند قۆناغییە، بەرەنگاری هەڕەشە ئاسمانییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بێتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ٨ی خەرمانان، ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست ڕایگەیاند کە ئەم گرێبەستە دوای سێ ساڵ لە دانوستان کۆتایی پێ هاتووە و دەبێتە گەورەترین ڕێککەوتننامەی هەناردەکردنی چەک لە مێژووی ئیسرائیلدا.
بڕیارە شاندێکی سەربازیی یوونان ڕۆژی دووشەممە ٩ی خەرمانان لە تێلاڤیڤ ئەم گرێبەستە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل واژۆ بکات.
بەپێی ئەم گرێبەستە، یوونان بۆ یەکەمجار دەبێتە خاوەن وەها چەکێكی دژەئاسمانیی پێشکەوتوو لە مێژووی خۆیدا.
ئیسرائیل بڕیارە سیستەمی «فلاخنی داوود» کە بۆ ڕێگری لە ڕاکێتی قورس و مووشەکی بالستیک دیزاین کراوە، سیستەمی «سپایدەر» بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی دڕۆنی و هەروەها سیستەمی «باراک ئێم ئێکس» کە تایبەت بە تێکشکاندنی فڕۆکە و مووشەکە، بخاتە خزمەت یوونانەوە.
هەروەها ئەم ڕێککەوتننامەیە، دامەزراندنی ناوەندێکی نیشتمانیی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ بۆ هاواهەنگیی سیستەمەکان و بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەخۆ دەگرێت.
ئەو گرێبەستە تەنیا سیستەمی دژەئاسمانی لەخۆ ناگرێت، بەڵکوو یوونان مووشەکی «سپایک»، ڕاکێتی «سپایس» ، مووشەکی «ڕەمپیج» و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی «هیرۆن ٢»ی لە ئیسرائیل کڕیوە.
هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا و بەدوای توندبوونەوەی گوشارە ئابوورییەکانی کۆشکی سپی دژی کۆماری ئیسلامی، گرژییەکان لەنێوان هەردوولا لە زیادبووندان و ئاراستەی دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز و یەکلاکردنەوەی دۆسییەی ئەتۆمیی تاران هێشتا ناڕوونە.
شایانی باسە هەڕەشە بەردەوامەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئەمنییەتیی جیهانی و هێرش بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و بەرهەمهێنانی دەیان جۆر مووشەکی ویشکارۆپێو، هەڕەشە و مەترسییەکی جیددیی بۆ سەر سەقامگیریی ناوچە و جیهان دروست کردووە و ئەو جۆرە گرێبەستە سەربازییانە دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ڕۆژبەڕۆژ گوشارە سەربازی و ئابوورییەکان لەدژی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی تاران ڕوو لە زیادبوونە.