کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێچووی گواستنەوەی کەلوپەل بۆ ئێران تا ٧ قات زیادی کردووە

13:58 - 12 گەلاوێژ 2726

بەپێی خەمڵاندنی چالاکوانانی بازرگانی، تێچووی گواستنەوەی کەلوپەل بۆ ئێران بەپێی جۆری کەلوپەلەکە و ڕێڕەوەکەی، لە نێوان ٤ تا ٧ قات زیادی کردووە.

هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیە بۆ زیادکردنی بەربەستە دەریاییەکان، گۆڕینی بەناچاری ڕێڕەوە بازرگانییەکان و کەمیی توانای گواستنەوەی ڕێڕەوە جێگرەوەکان دەگەڕێتەوە.

عەلی ئیمامی، بەرپرسی ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی ڕێژیم ڕایگەیاند کانتێنێرێک پێشتر بە ٣ هەزار دۆلار لە چینەوە دەهات، بەڵام ئێستا بە وشکانی ١٢ هەزار و بە شەمەندەفەر ٩٥٠٠ دۆلاری تێدەچێت.

موجتەبا بەهاروەند، چالاکی لۆجستیک جەختی کردەوە گواستنەوە بە قەزاقستان، ئوزبەکستان و تورکمەنستاندا ٦ تا ٧ ئەوەندەی گواستنەوەی دەریایی تێدەچێت؛ هەروەها بەندەری کەراچی تووشی ئاستەنگی ئەمنییەتی و ڕێگاوبان بووەتەوە.

خورشید گەزدرازی، بەرپرسی ژووری بازرگانیی بووشێهر ئاماژەی بەوەدا عومان نەیتوانی ببێتە جێگرەوەی ئیمارات و تێچووی گواستنەوە هەندێک جار تا ٦٠٠٪ زیادی کردووە.

ناوبراو زیادی کرد ئەگەرچی لە مانگی ڕابردوودا بازرگانی لە ڕێگەی ئێمارات و قەتەرەوە باشتر بووە، بەڵام تێچووی گواستنەوە هێشتا ٢ تا ٢.٥ قاتی ئاساییە.

ئەو بەربەستە دەریاییانەی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەپێنراون، دەرئەنجامی هێرشەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران بۆ سەر کەشتییەکان لە کەنداو و گەرووی هۆرمۆز بوون.