جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان، جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بە تەواوی پێبەندە بەوەی کە چەکی یاسایی تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت و حیزبوڵڵا دەبێت چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت بکات.
ڕۆژی یەکشەممە ٨ی خەرمانان، جۆزێف عەون جەختی لەسەر «فراوانکردنی دەسەڵاتی ئەرتەشی لوبنان بەسەر هەموو خاکی لوبنان لەپێناو جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ١٧٠١ و مسۆگەرکردنی سەروەریی تەواوی لوبنان» کردەوە.
بەوتەی عەون، ئەم هەنگاوە «هەمان ئەو ئامانجەیە کە دەوڵەتێک دەبێت بۆ پارێزگاری لە هاووڵاتییانی خۆی بیکات و باشووری لوبنان بە تەنیا لەبەردەم مەترسییەکانی حیزبوڵڵادا بەجێ نەهێڵێت».
ئاژانسی هەواڵدەریی فەرمیی لوبنان لە زاری سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەوە بڵاوی کردەوە: «ئەو چەکەی کە بەرگری لە خاکی وڵات دەکات، تەنها چەکی یاساییی دەوڵەتە و ئاسایشیش ئەرکێکی نیشتمانی و گشتییە و ناکرێت تەنها بەلایەکەوە ببەسترێتەوە».
ئیسرائیل و لوبنان لە دانوستانەکانی کۆتایی مانگی ژووئەندا ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد کە خاڵەکانی چەککردنی حیزبوڵڵا، پاشەکشەی قۆناغ بە قۆناغی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان و جێگیرکردنی ئەرتەشی لوبنان لەو ناوچەیەی تێدا گونجێندرابوو.
لەو پێوەندییەدا، نەعیم قاسم سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا چەندین جار پێداگریی لەسەر بەردەوامبوونی لە کردەوە تێرۆریستییەکانی گرووپەی کردەوە و ئەو ڕێککەوتننامەی نێوان لوبنان و ئیسرائیلی ڕەت کردووەتەوە و بە "هەڵە و ناڕەوا" زانیوە.
گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان یەکێک لە مەترسیدارترین هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا بە ئەژمار دێت و لە سەرەتای دامەزرانییەوە ڕێژیمی تاران هەموو تێچووە مادی و چەکوچۆڵییەکانی لە ئەستۆ گرتووە و لە هەزاران کردەوەی تێرۆریستیدا لە دژی خەڵکی ئاسایی ئیسرائیل و ناوچەکەدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە.