لە درێژەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانی جیهان، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ڕێژیم هەڕەشەی لە ژاپۆن کرد و وتی کە دەوڵەتی ژاپۆن لە بەرانبەر بەکارهێنانی ئەو ئیمکاناتانەی ئەمریکا کە لەسەر خاکی ئەم وڵاتەدا جێگیر کراون، بەرپرسیارە.
عەباس عێراقچی لە وتووێژێکی لەگەڵ ئاژانسی کیۆدۆی ژاپۆندا، کاردانەوەی بەرانبەر بە ناردنی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێف-١٦ی ئەمریکایی لە بنکەی میساواوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هێرشکردن سەر ئێران لەم شەڕانەی دواییدا نیشان دا.
ناوبراو لە هەوڵێکی نایاساییدا و بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی ژاپۆن و چاندنی تۆوی بێمتمانەیی لەنێوان دەوڵەتی ئەو وڵاتە و خەڵکەکەیدا وتی: "خەڵکی ژاپۆن دەبێت لەمبارەیەوە داوای ڕوونکردنەوە لە دەوڵەتەکەیان بکەن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن".
لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی پێگەی یوکی دیفنس ژۆرناڵ، فڕۆکەی شەڕکەری ئێف-١٦ کە لە بنکەی ئاسمانیی میساوا لە پارێزگای ئۆمۆری لە باکووری ژاپۆن جێگیر بوون، لە مانگەکانی ڕەشەمە و خاکەلێوەدا بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گواسترانەوە و بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ڕێژیمی ئێراندا کرد.
ئەم لێدوانەی عەباس عێراقچی لەکاتێکدایە که ناکۆکییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا پهرهیان سەندووە. بەکارهێنانی بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی هاوپەیمانی وەک ژاپۆن بۆ ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکان، دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژیی سیاسی و یاسایی لە نێوان تاران و وڵاتانی جیهاندا و ئەوەش لە بواری دیپلۆماسییەوە ڕێژیمی تاران چەند قاتی زیاتر گۆشەگیر دەکات.