ئەرتەشی ئەمریکا شەوی یەکشەممە ٨ی خەرمانان، لە ڕێگەی هێرشێکی ورد و سنوورداردا دوو سەکۆی هاویشتنی مووشەکی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی لە دوورگەی لارک لە نزیک گەرووی هۆرمۆز کردە ئامانج.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند ئەم ئۆپەراسیۆنە بە مەبەستی ڕێگری لە مەترسییەکی نزیک بووە، دوای ئەوەی هێزەکانی سپای پاسداران بینراون کە خۆیان بۆ هاویشتنی ڕاکێتی هەڵگری مینە دەریاییەکان بۆ نێو گەرووی هۆرمۆز ئامادە دەکرد.
لەو پەیامەدا هاتووە کە هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکی ورد و سنوورداریان لەدژی هێزەکانی مینڕێژکەری سپا ئەنجام داوە کە هەڕەشەیەکی نزیک بۆ سەر گەرووی هۆرمۆز بوون.
سێنتکام جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکیی هێرشەکە پاراستنی کەشتیوانیی بازرگانی و کەشتییە مەدەنییەکان لەم ئاوڕێگە نێودەوڵەتییەدا بووە.
لە بەرانبەردا، سپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرشەکەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە هێزەکانیان.
میدیاکانی نزیک لە سپای پاسدارانیش ئاماژەیان بەوە کرد کە بەهۆی ئەم هێرشانەوە، لانیکەم دوو کەس کوژراون و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەم پێکدادانە نوێیە لەکاتێکدایە کە دوای هێرشەکانی پێشتری ئەمریکا لە مانگی پووشپەڕ و وڵامە مووشەکییەکانی ئێران، تێگەیشتنامەی ئیسلامئاباد بەتەواوی داڕماوە و ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ناوچەی کەنداو جارێکی دیکە گەیشتوونەتە لووتکە.