سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئێران بەبەراورد لەگەڵ ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە و ڕایگەیاند ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی دەستپێکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیدایە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی خەرمانان، بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە، تا ئەو لە پۆستی سەرۆکوەزیراندا بێت، ڕێگە نادات ئێران پەرە بە چەکی ئەتۆمی بدات.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕاشیگەیاند، پێویستە مەترسییەکانی ئێران بە یەکجاری بنبڕ بکرێن و چارەنووسی ئەو ڕێژیمە یەکلایی بکرێتەوە.
پێشتریش ئێلی کۆهێن، وەزیری وزەی ئیسرائیل بە رۆژنامەی "یەدەعووت ئەحرەنووت"ـی ڕاگەیاندبوو، ئەگەر تاران ڕێککەوتننامەش لەگەڵ ئەمریکا واژۆ بکات، ئیسرائیل هەر هێرش دەکاتە سەر ئێران.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر تاران هەڵەیەکی وا بکات کە بەرنامەی ئەتۆمی و بەرنامەی مووشەکە بالستکییەکانی دەست پێ بکاتەوە، ئەوا لە کردەوەی خۆی پەشیمانی دەکەینەوە.
کۆهێن ڕوونی کردەوە، بە مەبەستی دروستکردنی ڕێڕەوێکی ئاویی نوێ و ڕێڕەوێکی جێگرەوە بۆ گواستنەوەی وزە بەبێ بەکارهێنانی گەرووی هۆرمۆز و بابولمەندەب لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئەمریکادا لە پێوەندیدایە.
شایانی باسە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕەوتی شەڕی ١٢ و ٤٠ ڕۆژەدا زیانی گەورەیان بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ڕێژیم ئێران گەیاند و چەند زانای ئەتۆمیشیان لەنێو برد.
ڕێگریی لە دەسپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمیی ڕێژیمی ئێران، لە لووتکەی ئەو ئامانجانەدا بوو کە ترامپ بۆ شەڕی ٤٠ ڕۆژەی ڕایگەیاندبوو.