کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ئۆردۆن و ئێمارات

10:21 - 9 خەرمانان 2726

سپای تێرۆریستیی پاسداران و ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران وەک وڵامێک بۆ هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی لارک، بەکەڵکوەرگرتن لە مووشەکی بالستیک و دڕۆن، هێرشیان کردە سەر پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئۆردۆن و ئێمارات.

سپای پاسداران ڕایگەیاند کە بنکەی ئاسمانیی شاهانەی "مەلیک حسێن" و بنکەی ئاسمانیی "ئەلئەزرەق"ی لە ئۆردۆن بە مووشەکی بالستیک کردووەتە ئامانج.

ئەرتەشی ئۆردۆن ڕایگەیاند کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی هەشت مووشەکی ئێرانی لە ئاسمانی ئۆردۆندا پێکاوە و خستووەتە خوارەوە.

بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکاش ئاماژەیان بەوە کردووە کە مووشەکەکانی ئێران لەلایەن بەرگریی ئاسمانییەوە بەرپەرچ دراونەتەوە و هیچ زیانێک بەر بنکەکان نەکەوتووە.

هاوکات، ئارتەشی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە بە مەبەستی لێدانی شوێنی جێگیربوونی هێزەکان و هێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا بە دەیان دڕۆن هێرشی کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانیی "مێنهاد" لە ئێمارات.

تا ئێستا وەزارەتی بەرگریی ئێمارات یان بەرپرسانی فەرمیی ئەو وڵاتە هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمییان لەسەر ئەم هێرشە بڵاو نەکردووەتەوە.

هێزەکانی ئەمریکا شەوی یەکشەممە بۆ یەکەم جار لە دوای مانگی پووشپەڕدا، ئامانجگەلێکیان لە دوورگەی لارک لە باشووری ئێران کردە ئامانج.