کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەرووی هۆرمۆز؛ نەوتهەڵگرێک لە نزیک ئاوەکانی عومان بە ئامانج گیرا

10:38 - 9 خەرمانان 2726

ڕێکخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا (UKMTO) ڕایگەیاند کە هێرش کراوەتە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە گەرووی هۆرمۆز و لە نزیک ئاوەکانی عومان.

بەپێی ڕاگەیەندراوی UKMTO، ڕووداوەکە لە دووریی ١٢ مایلی دەریایی لە باکووری شارۆچکەی خەسەب لە عومان ڕووی داوە.

ئەو ناوەندە ئاماژەی بەوەش کردووە کە تا ئێستا هیچ زەرەر و زیانێکی گیانی یان پیسبوونی ژینگە تۆمار نەکراوە و لێکۆڵینەوەکان لەسەر ڕووداوەکە بەردەوامن.

هاوکات UKMTO داوای لە تەواوی کەشتییە بازرگانییەکان کردووە بە وشیارییەوە لەو ناوچەیەدا تێپەڕ ببن و هەر جموجۆڵێکی گوماناوی بەپەلە ڕابگەیەنن.

ئەم ڕووداوە لەکاتێکدا ڕووی داوە کە ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لەزاری بەرپرسانی ئەمریکا ئاشکرای کردبوو تەنیا لە شەوی هەینیی ڕابردوودا ٤٠ کەشتیی نەوتهەڵگر بە ١٦ میلیۆن بەرمیل نەوتەوە لە گەرووی هۆرمۆز تێپەڕیون.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا پێشتر جەختی لەسەر کۆنتڕۆڵی تەواوی هێزەکانی وڵاتەکەی بەسەر ئاوڕێگەی ستراتێژیی گەرووی هۆرمۆزدا کردبووەوە.