کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تانکر تراکرز: ڕێژەی هەناردەی نەوت لە گەرووی هۆرمۆزدا دەگاتە ٦.٧ میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا

10:43 - 9 خەرمانان 2726

لە سایەی بەردەوامیی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ناوچەی کەنداو، دامەزراوەی "تانکر تراکرز" بۆ شیکاریی جووڵەی دەریایی ڕایگەیاند لە حەفتەی ڕابردوودا بە تێکڕا ڕۆژانە ٦.٧ میلیۆن بەرمیل نەوتی خاو توانیویانە لە هێڵی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا لە گەرووی هۆرمۆزدا تێپەڕ ببن.

ئەو ناوەندە ئاماژەی بەوە کردووە ئەم ئامارە پشتی بە توێژینەوەی ورد و بەراوردکاریی داتا دەریاییەکان لەگەڵ سەدان وێنەی ماهوارەیی بەستووە، تا تەنانەت ئەو نەوتهەڵگرانەش بپێوێت کە سیستەمی ڕاداریان کوژاندووەتەوە یان ناوی خۆیان لە سیستەمەکاندا تۆمار نەکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" بڵاوی کردەوە کە تاران لە سەرەتاکانی مانگی خەرمانان ئاشکرای کردبوو ڕێکارییە توندەکان و سنووردارکردنی هاتوچۆ لە گەرووی هۆرمۆزدا تا کۆتاییهاتنی تەواوەتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بەردەوام دەبن.

ئەم ئاڵۆزییە دەریاییانە دوای ئەوە هاتن کە هێزەکانی ئەمریکا چەندین پێگەی سەربازییان لە دوورگەی لارک کردە ئامانج و بەو هۆیەوە نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕە جیهانییەکاندا لە ٩٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک تێپەڕی.