ڕێکخراوی UNPO لە دووەمین ڕۆژی کۆنگرەکەی، بڕیارنامەیەکی تایبەت بە بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ و مافە نەتەوەییەکان لە کوردستانی ئێران و ڕۆژاوای بەلووچستان پەسەند کرد. ڕەشنوسی ئەم بڕیارنامەیە لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ئامادە کرا و پێشکەشی کۆنگرە کرا.
بڕیارنامەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران، لەوانە کورد، بەلووچ، عەرەبی ئەهواز، تورکی ئازەربایجانی و تورکمانی، بەردەوام ڕووبەڕووی جیاکاریی سیستماتیک، سەرکوتکردن و سنووردارکردنی مافە بنەڕەتییە مرۆیی، مەدەنی، سیاسی، کەلتووری و نەتەوەییەکان دەبنەوە.
بڕیارنامەکە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا، ٦٥٤ هاووڵاتیی کورد دەسبەسەر کراون، لەوانە ٣٠ ژن و ٤٠ منداڵ. هەندێک لەو حاڵەتانەش بریتین لە ئەشکەنجە، مامەڵەی خراپ، وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ و بەندکردنی درێژخایەن بەبێ پەیوەندی بە دنیای دەرەوە.
بریارنامەکە هەروەها سەرنج دەخاتە سەر زیادبوونی بەکارهێنانی سزای ئێعدام لەلایەن دەسەڵاتی ئێران دژی خۆپیشاندەران، زیندانییانی سیاسی، چالاکانی مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان، پارێزەران و چاڵاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
کۆنگرەی UNPO لە بڕیارنامەکەیدا نیگەرانیی خۆی دەربارەی بەردەوامبوونی مێلیتاریزەکردنی کوردستانی ئێران دەربڕیوە؛ لەوانە دامەزراندنی خاڵەکانی پشکنین، دانانی کاتی قەدەغەی هاتوچۆ، بەکارهێنانی هێزە چەکدارەکان و بەپێی ڕاپۆرتەکان، داگیرکردن یان بەکارهێنانی نەخۆشخانە، قوتابخانە، مزگەوت و شوێنە مەدەنییەکان بۆ مەبەستی سەربازی.
بریارنامەکە ئەم سیاسەتانە بە پێشێلکردنی جدیی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و زیانگەیاندن بە بنەماکانی یەکسانی، کرامەتی مرۆڤ، حوکمی یاسا و مافی گەلەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سیاسیی خۆیان دادەنێت.
هەروەها بڕیارنامەکە باس لە هێرشە سنووربەزێنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژی هێزەکانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات.
کۆنگرەی UNPO لە بڕیارنامە پێنج خاڵی سەرەکیی پەسەند دەکات:
١ـ پشتگیریی بەردەوام و بێمەرجی خۆی بۆ کوردانی کوردستانی ئێران، بەلووچەکانی ڕۆژاوای بەلووچستان و هەموو نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران دووپات کردەوە؛ بە تایبەتی لەپێناو مافی دیاریکردنی چارەنووس، دێموکراسی، ئازادی، یەکسانی، کەرامەتی مرۆڤ و تەواوی مافە نەتەوەیی، کەلتووری، مەدەنی و سیاسییەکان.
٢ـ ئێعدامکردنی خۆپیشاندەران و زیندانییانی سیاسی و چالاکانی مافەکانی مرۆڤی بە توندی مەحکووم کرد و داوای وەستاندنی دەستبەجێی ئێعدامەکان و گۆڕینی هەموو حوکمەکانی ئێعدام کرد کە بەهۆی چالاکیی سیاسی، خۆپیشاندانی ئاشتییانە یان بەکارهێنانی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانەوە دەرچوون.
٣ـ داوای کۆتاییهێنان بە مێلیتاریزەکردنی ناوچە مەدەنییەکان لە کوردستانی ئێران و وەستاندنی بەکارهێنانی نەخۆشخانە، قوتابخانە، مزگەوت و شوێنە مەدەنییەکان بۆ مەبەستی سەربازی کرد.
٤ـ بانگهێشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوەکانی مافەکانی مرۆڤ کرد بۆ لێکۆڵینەوەی خێرا لە پێشێلکارییە ڕاپۆرتکراوەکان، دابینکردنی بەرپرسیارێتی و دامەزراندنی مێکانیزمی کاریگەر بۆ چاودێری و بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان، بەلووچستان و ناوچە نافارسەکانی دیکەی ئێران.
٥ـ هێرشە سنووربەزێنەکان بەتوندی مەحکووم کرد و داوای وەستاندنی دەستبەجێی ئەو هێرشانە، ڕێزگرتن لە سەروەریی خاکی عێراق و پاراستنی مەدەنییەکان، پەنابەران و ئەو کەسانەی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی لەژێر پاراستندان کرد.
پەسەندکردنی ئەم بڕیارنامەیە لە دووەمین ڕۆژی کۆبوونەوەی گشتیی UNPO، لە ٨ی خەرمانانی ١٤٠٥، هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەیاندنی دەنگی کورد و بەلووچ و نەتەوەکانی تری ئێران بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.