کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێسێنت: هەموو حەفتەیەک سزای لاوەکیی نوێ لەدژی کۆماری ئیسلامی دەسەپێنین

11:35 - 9 خەرمانان 2726

وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ئاشکرای کرد وڵاتەکەی بە مەبەستی زۆرترکردنی گوشاری ئابووری، هەموو حەفتەیەک سزای لاوەکیی نوێ بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەسەپێنێت و لە هەنگاوی یەکەمدا کەرتی بانکی دەکاتە ئامانج.

بسێنت پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ڕێبەرانی دارایی کۆمەڵەی ٢٠ لە کارۆلاینای باکوور بە هەواڵدەری ڕۆیتێرزی ڕاگەیاند: "هەموو حەفتەیەک شاهیدی ڕێکاری زیاتری لەم شێوەیە دەبن. ئێمە لە بانکەکانەوە دەست پێدەکەین و پێیان دەڵێین کە ڕاگرتنی پارەی ئێران و هاوکات هاوکاریکردنی ئەو ڕێژیمە، کارێکی قەبووڵکراو نییە."

ناوبراو ڕوو بە وەزیرانی دارایی و بانکە ناوەندییەکانی وڵاتانی گرووپی ٢٠ وتی کە پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ تاران ببڕن، بە پێچەوانەوە لە کۆشکی سپییەوە ڕووبەڕووی سزای لاوەکی دەبنەوە.

بێسێنت جەختی کردەوە: "هیچ درزێک نابێت بمێنێتەوە؛ یان لەگەڵ ئێمەن یان لەگەڵ ئێرانییەکان."

بێسێنت ڕایگەیاند دوای سەپاندنی سزاکانی ڕۆژی هەینی بەسەر لقی بانکەکانی میسر لە ئێمارات، هەنگاوی داهاتوو دەکرێت بڕینی تەواوی دامەزراوەیەک بێت لە سیستەمی دارایی دۆلار.

هاوکات بەرپرسانی ئێران دانیان بە وەستانی هەناردەی نەوت، نەبوونی داهاتی دراوی بیانی و کاریگەریی گەمارۆ دەریایییکان لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکاندا ناوە.