ئەنوەر قەرقاش، ڕاوێژکاری دیپلۆماسیی سەرۆکی ئێمارات، لەبارەی هێرشەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دژ بە وڵاتانی ناوچەکە ڕایگەیاند: "سیاسەتی بەئامانجگرتنی وڵاتانی کەنداو و ئۆردۆن شکستی خواردووە و دۆخی نە شەڕ و نە ئاشتی ناتوانێت ببێتە چارەسەرێکی درێژخایەن".
قەرقاش لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: «ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە، چارەسەری سیاسیی واقعبینانە و پایەدارە کە لایەنە سیاسی و ئابوورییەکانی قەیرانەکە لە بەرچاو بگرێت.»
ئەو بە ڕەخنەگرتن لەوەی کە لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد جێبەجێ نەکراوە نووسیویەتی: «چارەسەرەکان دەبێت بە کۆتاییهاتنی گرژییەکان و گەڕانەوەی ڕێڕەوی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆز بۆ دۆخی ئاسایی دەست پێبکەن و ڕوانگەیەکی واقعبینانەتر بگرنەبەر».
سپای تێرۆریستیی پاسداران شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند کە بنکەی سەربازیی مێنهادی لە ئێمارات کردووەتە ئامانج، بەڵام وەزارەتی بەرگریی ئێمارات ئەوەی ڕەت کردەوە.
شایانی باسە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای شەڕی ٤٠ ڕۆژەوە هەتا ئێستا، ئێماراتی بە ١٩١٤ دڕۆن، ٤٢٩ مووشکی بالستیک، عەرەبستان بە هەزار و شەش دڕۆن، ٥٧ مووشەکی بالستیک، کوەیت بە ٦١٦ دڕۆن، ٣٠٩ مووشەکی بالستیک، قەتەر، ٢٠٦ دڕۆن، ٩٠ مووشەکی بالستیک، ٢ فڕۆکەی شەڕکەر، بەحرەین بە ٣٩١ دڕۆن، ١٧٤ مووشەکی بالستیک، عومانیشی بە ١٩ دڕۆن کردووەتەوە ئامانج.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەو پێوەندییەدا نزیک بە هزاران جار هێرشی مووشەکی و دڕۆنی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، تا ئێستا ٣٢ کەس گیانیان لەدەست داوە و ١٥٤ کەسی دیکەش بریندار بوون.