دەرئەنجامی سیاسەتە شەڕخوازەکانی ڕێژیمی ئێران لە یەکەم ڕاپۆرتی ناوەندی ئامار بۆ بەهاری ١٤٠٥ دەرکەوت و بێکارییەکی بەرفراوانی بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاند.
بەپێی ئامارەکان، شەڕ نیو میلیۆن کەسی دیکەی بێکار کردووە و ڕێژەی فەرمیی بێکاری گەیاندووەتە ٩.١٪؛ ئەمەش لەکاتێکدایە بە وتەی ئەندامێکی ژووری بازرگانی، ئاماری ڕاستەقینەی بێکاری پێنج قاتی ئامارە دەستکاریكراوەکانی حکوومەتە.
هاوکات ڕێژەی بەشداریی ئابووری بۆ ٤٠.٧٪ دابەزیوە و هەلی کار لە کەرتی پیشەسازیدا ڕووی لە داڕمان کردووە.
ئەم ئامارە لەکاتێکدایە کە ژمارەی دانیشتووانی شیاوی کار (سەرووی ١٥ ساڵ) ٨٢٧ هەزار کەس زیادی کردووە و گەیشتووەتە سەرووی ٦٦ میلیۆن و ٦٧٠ هەزار کەس.
ئەم داڕمانە ئابوورییە جارێکی دیکە سەلماندی کە سیاسەتە شەڕخوازانەکانی ڕێژیم باجەکەی ڕاستەوخۆ لەسەر شانی هاووڵاتییان و چینە کەمداهاتەکانی کۆمەڵگەیە.