کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی هەبووایە، ئەمریکا و ئورووپاشی دەکردە ئامانج

14:26 - 9 خەرمانان 2726

دونالد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "فاکس نیوز" ڕایگەیاند کە ئەگەر تاران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگەیشتایە بەکاری دەهێنا و ئەگەری هەبوو ئیسرائیل و بەشێکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وێران ببن.

ناوبراو هۆشداریی دا کە بەدوای ئەوەدا بە ئەگەری زۆرەوە ئەمریکا یان ئورووپا دەبوونە ئامانجی دواتری ئێران.

ترامپ جەختی کردەوە: "ئەگەر چەکی ئەتۆمییان هەبووایە، دەیانتەقاند. نابێت بە هیچ شێوەیەک ڕێگەیان پێ بدرێت ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و نابنیش."

سەرۆککۆماری ئەمریکا هەروەها ستایشی سەرکەوتنی گەمارۆی بەندەرەکانی ئێران و هەڵمەتی گوشاری دارایی واشنگتۆنی کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران بووەتە ڕێژیمێکی شکستهێناو.

ترامپ وتی: :هێزی دەریاییان لەنێو چوو، هێزی ئاسمانییان لەنێو چوو، ڕێبەرەکانیان لەنێو چوون، تەواوی بەرگریی ئاسمانییان لەنێو چوو. گەمارۆکە و ئەو زیانە داراییانەی پێمان گەیاندوون بڕواپێنەکراو بوون."

لە کۆتاییدا ترامپ ئاماژەی بەوە دا کە لە دەستپێکی شەڕەوە و هێرشەکانی تاران بۆ سەر عەرەبستان، قەتەر، ئیمارات، بەحرەین و کوەیت سەرسام بووە، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەم هێرشانە بوونە هۆی ئەوەی ئێران تەواوی پشتگیریی ناوچەیی خۆی لەدەست بدات.