کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات پەیامێکی سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵەی مەهدی زانا کرد

14:28 - 9 خەرمانان 2726

ناوەندی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی مەهدی زانا، سیاسەتفان، نووسەر و شاره‌داری پێشووی ئامەد، پەیامێکی سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵەی ناوبراو کرد.

لە پەیامەکەی ناوەندی پێوەندییەکاندا بە ناوی بەڕێز کاک مستەفا هیجری، سکرتیری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێبەرا‌یەتی حیزبەوه سەرەخۆشی لە بەڕێز لەیلا زانای هاوژینی مامۆستا و بنەماڵەی بەڕێزیان و هەموو گەلی کورد کراوە و هیوای سەبووریی بۆ خواستوون.
لە پەیامەکەدا هاتووە: بەڕێز مەهدی زانا هەموو تەمەنی خۆی لە ڕێگای تێکۆشان بۆ ماف و خزمەتی گەلی کوردی تەرخان کرد، چ بە خزمەتەکانی وەکوو سەرۆکی شاره‌وانی ئامەد، چ بە نووسین و پرتووکەکانی که مێژووی ڕووناک دەکرده وه و چ لە زیندانەکان که ببووه دەنگی خۆڕاگری و بەرخودانی نێو چاڵەڕەشەکان و له بەرانبەر زوڵم و زۆرداریدا چوکی دانەدا.
ناوەندی پێوەندییەکان ڕایگەیاندووە: کۆچی دوایی بەڕێز زانا خەساریکی گەوره بۆ هەموو گەلی کورد بە تایبەت و بزووتنەوە ی سیاسی و کولتووریی کوردە، بەڵام بەو تایبەتمەندییانه و تیکۆشانی سەربەرزانەوه، مامۆستا زانا بۆ هەتاهەتایه لە دڵ و هزری گەلەکەماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوه.