کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسماعیل بەقایی: لە ئێستادا هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکا لە ئارادا نییە

14:07 - 12 گەلاوێژ 2726

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وتی: "لە ئێستادا هیچ گفتوگۆ و دانوستانێک لەنێوان ئێران و ئەمریکادا بەڕێوە ناچێت".

ناوبراو لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی حەفتانەی خۆی لە ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی گەلاوێژ ئەوەی خستەڕوو کە ئەوەی لە ئێستادا بەڕێوە دەچێت، دانوستانێکی دووقۆلیی نێوان دوو وڵاتی کەنداوە نەک لەگەڵ ئەمریکادا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی: ئامادەبوونی ئەوانی تر لەم دانوستانانەدا دەکرێت سازەندە یان تێکدەرانە بێت، بەڵام بە گشتیی دانوستانەکە لەنێوان ئێران و عومماندایە.

ئەم لێدوانانە بەقایی لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندبوو کە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە دەست پێ دەکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆککۆماری ئەمریکا دوێنێ لە کۆبوونەوەی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونی نەکردەوە کە ئەم دانوستانانە لە کوێ یان لەگەڵ کێ بەڕێوە دەچێت.

بەقایی لەو کۆبوونەوە ڕۆژنامەوانییەدا وتی: گەرووی هۆرمۆز بەهۆی جیاوازیی بیروڕا لەنێوان ئێران و عومماندا داخراوە.

لەکاتێکدا کە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم باس لە دانوستان دەکات کە ڕۆژانە هێزە چەکدارەکانی بە بەردەوامیی بنکەکانی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو دەکەنە ئامانج و ناوچەکەیان بە تەواوی ئاڵۆز و نائارام کردووە.