کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی لەسێدارەدان ستراتیژییەکی کۆماری ئیسلامییە بۆ ڕێگری لە ڕابوونێکی دیکەی نەتەوەکانی ئێران

08:39 - 13 گەلاوێژ 2726

ڕاپۆرتی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بە پەرەسەندنی کەم‌وێنەی سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن. لەسێدارەدانی زیاتر لە ٨٥٠ زیندانی لە دەستپێکی ساڵی ٢٠٢٦ـەوە تاوکو ئێستا و لەنێویدا بەرزبوونەوەی بەرچاوی لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسی و ژنان ئاماژەیە بۆ خێراکردنی ئەو ڕەوتە مەترسیدارەی کە دەتوانێت کوشتارێکی دیکەی بێ‌وێنەی حکومەتی لە مێژووی ئێراندا تۆمار بکات. هاوکات لەگەڵ زیادبوونی ململانێ و گرژییەکانی ڕێژیم لە ناوچەکەدا، بەڵگەکان دەریدەخەن سزای لەسێدارەدان زیاتر لە جاران، وەک دەزگایەکی کوشتار بۆ دروستکردنی ترس لەنێو کۆمەڵگە و پاشەکشە بە داواکارییەکانی خەڵک، هەروها بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان بەکاردەهێنرێت.

لەم چوارچێوەیەشدا، سەرکوت و بێدادیی دەزگای ئەمنی و دەسەڵاتی دادوەری حکومەتی ئيران لە بەرانبەر خۆپیشاندەران و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی لایەنی فراوانتری بەخۆوە بینیوە. دوای ڕاپەرینەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردوو، سزای لەسێدارەدانی دەیان کەس لە خۆپیشاندەران بە ڕێکاری نایاسایی و پێشێلکردنی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و بە پشتبەستن بە دانپێدانانی زۆرەملێ و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر جێبەجێ کراوە. لەو نێوەشدا کوردستان یەکێکە لە سەرەکیترین ناوەندەکانی سەرکوتکردنی سیستماتیک لە ئێران و بە تۆمەتەکانی وەک بەغی و ئەندامبوون لە حیزبەکان، چالاکوانانی کورد لەسێدارە دەدرێن و هەڕەشەی مەرگیان لێ دەکرێت.

هاوکات ژمارەیەکی بەرچاو لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان و زیندانییانی سیاسی، بەتایبەتی گیراوانی سیاسیی ژن، کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە ڕووبەڕووی مەترسی جدی بوونەتەوە. هەر بۆیە پێویستە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی مافی ژیانی ئەو گیراوانە، لە هەموو توانا یاسایی و دیپلۆماسییەکانیان بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی ئەو سزایانە کەڵک وەربگرن. بێگومان وەلانان یان پەراوێزخستنی پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران، دەرفەت بۆ بەردەوامبوونی ڕەوتی کوشتار خۆش دەکات.

هەروەها پێویستە میکانیزمە یاساییەکانی وەک کۆکردنەوەی سیستماتیکی بەڵگەکان و بەدواداچوون بۆ پێشێلکاراییەکانی مافی مرۆڤ لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان  و گوشار بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەلایەن ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە بە پەلە بەدواداچوونیان بۆ بکرێت.

لە بەرانبەر ئەو ستراتیژیەی ڕێژیم کە لەسەر بنەمای ترس و تۆقاندن بەڕێوە دەچێت، گرنگیی ڕۆڵی بنەماڵەی زیندانییان، کۆمەڵگەی مەدەنی، میدیاکان و ڕای گشتی زیاتر لە هەموو کاتێک دەردەکەوێت. بڵاوکردنەوەی زانیاری و پشتیوانیی کۆمەڵایەتی دەتوانێت ڕێگر بێت لە پەراوێزخستنی دۆسییەکان و جێبەجێبوونی ئەم تاوانانە. پێویستە بە زیادکردنی تێچووی سیاسی و نێودەوڵەتی لەسەر رێژیم، پێش بە پەرەسەندنی ڕەوتی سەرکوت و جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان بگیرێت و کۆتاییان پێ بهێنرێت.

لەسێدارەدان، بێ گوێدانە هەر پاساوێک، پێشێلکاریی  ئاشکرای مافی ژیانە و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕای گشتی نابێ تەنیا دەربڕینی نیگەرانی بێت و پێویستی بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی خێرا، هەماهەنگ و کاریگەر هەیە بۆ وەستاندنی دەستبەجێی جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان و هەروەها لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دژە مرۆییە.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران

٠٤-٠٨-٢٠٢٦