دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند لە پشت پەردەوە دانوستانی چڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لەئارادایە، ئەگەرچی تاران بە ئاشکرا حاشای لێدەکات.
ترامپ، بەرپرسانی ئێرانی بە دووڕوو ناو برد و ئاشکرای کرد کە خۆیان بە پەیوەندی و پاڕانەوە داوای کۆبوونەوەیان کردووە، بەڵام دواتر دەڵێن هێچ وتووێژێک لەگەڵ ئەمریکا لەئارادا نییە.
ناوبراو هەروەها جەختی کردەوە گەرووی هۆرمۆز لەژێر کۆنتڕۆڵ و گەمارۆی تەواوی هێزی دەریایی ئەمریکادایە.
لە ڕێوڕەسیمێکدا لە کۆشکی سپی، ترامپ ئاشکرای کرد ئەمریکا بڕیاڕ بوو شەوی یەکشەممە هێرشێکی زۆر بەرفراوان بۆ سەر ئێران بکات، بەڵام دوای پەیوەندیی دەسەڵاتدارانی تاران و داوای وڵاتانی عەرەبی، هێرشەکەی ڕاگرت تا دەرفەت بۆ چارەسەری دیپلۆماسی بڕەخسێت.
سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕوونی کردەوە تەوەرەی یەکەمی دانوستانەکان کردنەوەی تەواوی گەرووی هۆرمۆزە و قۆناغی دووەم هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکیی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانە.
ترامپ بە ئاماژەدان بە پەکخستنی توانای ئەتۆمیی ئێران لە ڕێگەی بۆمبهاوێژەکانی "بی-٢" لە ساڵی ڕابردوودا، هۆشداریی دا کە ئەگەری بژارەی سەربازی هێشتا بە کراوەیی ماوەتەوە.
ناوبراو جەختی کردەوە ئەمە دوایین دەرفەت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن پێش وەشاندنی زەبرێکی کۆتایی و وێرانکەرە، چونکە تاران هەرگیز ڕێگەی پێنادرێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.