ناوەندی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا (UKMTO) ڕایگەیاند کە بەرەبەیانیی سێشەممە لە نزیک کەناراوەکانی وڵاتی عومان و لە نزیک گەرووی ستراتێژیی هۆرمۆزدا، هێرش کراوەتە سەر کەشتییەکی بازرگانی.
بەپێی زانیارییە سەربازییەکان، ڕووداوەکە لە دووریی نزیکەی ۲۰ مایلی دەریایی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ناوچەی "خەسەب"ی عومان ڕووی داوە.
کارمەندانی کەشتییەکە لە ڕێگەی کەناڵی فریاگوزاریی دەریاییەوە ڕایانگەیاندووە کە هێرش کراوەتە سەر کەشتییەکەیان.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکی لێکۆڵینەوەن و تا ئێستا زانیاری لەسەر جۆری تەقەمەنییەکە، لایەنی هێرشبەر و ئاستی زیانەکان بڵاو نەکراوەتەوە.
ڕێکخراوە بریتانییەکە داوای لە تەواوی کەشتییەکان کردووە بە وشیاریی زیاترەوە تێپەڕین و هەر جووڵەیەکی گوماناوی ڕابگەیەنن.
ئەو ڕووداوە لەکاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران پێشتریش کەشتییە بازرگانییەکانی لە باشووری گەرووی هۆرمۆز کردبووە ئامانج و ڕایگەیاندبوو کەشتییە بازرگانییەکان تەنیا دەبێت لە باکووری ئەو گەرووە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانە تێپەڕن، ئەگەرنا هێرشیان دەکەینە سەر.
ئەو هێرشە نایاسایی و سەرەڕۆیانەی ڕێژیم ناوچەکەی تووشی ئاڵۆزی کردووە و کاردانەوەی سەربازیی ئەمریکاشی لێ کەوتووەتەوە.