هەواڵدەریی حکوومەتی "ئیسنا" ڕایگەیاند ئامارەکانی بەهاری ساڵی ١٤٠٥ی ناوەندی ئامار نیشان دەدەن بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و دابەزینی بەشداریی ئابووری، ژنان لە هەموو توێژەکانی دیکە زیاتر بوونەتە قوربانیی سستبوونی بازاڕی کار و جیاکاریی ڕەگەزی لە دەستڕاگەیشتن بە هەلی کار قووڵتر بووەتەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕێژەی بێکاریی ژنان لە ١٣.٧ لەسەد لە بەهاری ساڵی ڕابردووەوە بۆ ١٦.٧ لەسەد زیادی کردووە، لەکاتێکدا ئەم ئامارە بۆ پیاوان ٧.٥ لەسەد تۆمار کراوە کە نیشان دەدات ژنان دوو بەرانبەری پیاوان ڕووبەڕووی بێکاری دەبنەوە.
هاوکات نزیکەی ٨٠٠ هەزار کەس چوونەتە ڕیزی دانیشتووانی ناچالاکەوە و کۆی گشتیی ئەم کەسانە گەیشتووەتە ۳۹ میلیۆن کەس، کە نزیکەی ۲۹ میلیۆن کەسیان ژنن.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ڕێژەی بێکاری لە نێوان دەرچووانی خوێندنی باڵادا ۱۱.٦ لەسەدە، بەڵام بۆ ژنانی خاوەن بڕوانامەی زانکۆ دەگاتە ۱۸.۸ لەسەد و بۆ پیاوان ٨.٣ لەسەدە.
ئەم جیاوازییە گەورەیە دەریخستووە بڕوانامەی زانکۆش نەیتوانیوە بەربەستەکانی بەردەم ژنان بۆ چوونە ناو بازاڕی کار لە ئێراندا کەم بکاتەوە.