کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ژنێکی نیشتمانپەروەر لە سەردەشت

09:53 - 13 گەلاوێژ 2726

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی گەلاوێژی ١٤٠٥، خاتوو ئایشە گادانی، ژنە نیشتمانپەروەر و دیاری بنەماڵەی گادانی، بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە لە شاری سەردەشت کۆچی دوایی کرد.‎

خاتوو ئایشە لە ساڵی ١٣١٥ لە بنەماڵەی کوردپەروەری گادانی لە شاری مەهاباد لەدایک بوو و لە هەڕەتی لاوی و پێگەیشتنیدا لەگەڵ مامۆستا مەلاغەفوور قازیزادە لە سەردەشت ژیانی هاوبەشی پێک هێنا و هەر لە  تەمەنی گەنجیدا بە هۆی چالاکی و سیاسیبوونی بنەماڵەی گادانی دەستی بە تێکۆشان و هاوکاریی ئەندامانی بنەماڵە کرد و یاری تا سەر بەوەفای تێکۆشەرانی گەلەکەمان نەمران حاجی سمایل، کاک خەلیل، کاک جەلیل و کاک محەممەد گادانی مایەوە.

خاتوو ئایشە کە نموونەی دڵسۆزی، مێهرەبانی، وەفاداری بە بزووتنەوەی کورد و بنەماڵە و براکانی بوو، بە گوێرەی پێویست هەتا کۆتایی ژیانی لە یارمەتیدان و دڵسۆزی بە گەل و نیشتمانەکەی دەرێغی نەکرد و هاوکات لە دەورانی زیندانیبوونی براکانی و دەربەدەریاندا پاڵپشت و خەمخۆر و هاندەریان بووە و نموونەیەک بووە لە خۆڕاگری.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵەی ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.