کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناکۆکیی باڵە جیاوازەکانی ڕێژیم مەسعوود پزیشکییانی گەیاندووەتە ئاستی دەستلەکارکێشانەوە

10:07 - 13 گەلاوێژ 2726

خستنەڕووی دووبارەی ئەگەری دەستلەکارکێشانەوەی مەسعوود پزشکییان، سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکاری ڕێژیم، جارێکی تر سەرنجی بۆ لای گرژییەکانی نێو پێکهاتەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ڕاکێشاوە.

ڕۆژی شەممە ١٠ی جۆزەردان مەسعوود پزشکییان لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ نووسینگەی موجتەبا خامنەیی ڕاگەیاند کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو هۆشداری دابوو کە "بەڕێوەبردنی وڵات لە کەناڵە فەرمییەکان دەرچووە و توێژێک لە فەرماندەکانی سپای پاسداران بەسەر بەشە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدا زاڵ بوون".

ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەمە جاری یەکەم نییە و و لە قۆناغەکانی دیکەشدا وەک پێش دانوستانەکانی ئیسلامئاباد هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی ناوبراو هاتبووە ئاراوە.

ئێستا محەممەدباقر خەڕازی سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای ئێران بانگەشەی ئەوەی کردووە کە موجتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێی ڕێژیم ڕایگەیاندووە ئەگەر پزیشکییان جارێکی تر داوای دەستلەکارکێشانەوە بکات، قەبووڵی دەکات.

هاتنەئارای دووبارەی ئەگەری دەستلەکارکێشانەوەی پزشکییان و کاردانەوەی چاوەڕوانەکراوی موجتەبا خامنەیی لە بەرانبەردا، دەتوانێت نیشانەیەکی باش بۆ چوونەژوورەوەی پێکهاتەی بڕیاردانی کۆماری ئیسلامی بۆ قۆناغێکی نوێی دوای مردنی عەلی خامنەیی، دیکتاتۆری پێشووی ئێران بێت.

شایانی باسە پێشتریش حوسێن موحێبی وتەبێژی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "دانشجوو"، مەسعوود پزیشکییانی بە "درۆزن" ناو بردبوو و ئەوەش تووڕەیی ئەندامانی دەوڵەتی سەرۆککۆماری ڕێژیمی لێکەوتەوە.

لەم ساتەدا قووڵیی ناکۆکی و ناتەبایەییەکانی نێو بازنەی دەسەڵاتی باڵای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەرخەری پووکاویی تەواوی ئەو دەسەڵاتەیە کە ڕۆژ بە ڕۆژ زەقتر و بەرچاوتر دەبێت و خودی کاربەدەستانی ئەو دەسەڵاتە لە دەنگوڕەنگی ڕێژیمدا بە ڕاشکاوانە باسی لێوە دەکەن.