وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا و سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی (CIA)، لە بەرانبەر پەرەسەندنی هاوکارییەکانی نێوان ڕووسیە، ڕێژیمی ئێران و چین هۆشداریی جیددیی دا.
مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا و سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی (CIA) ڕایگەیاند کە تەوەری ڕووسیە، ئێران و چین ئێستا بووەتە ڕاستییەک کە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە هێز و بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات.
ناوبراو دوێنی دووشەممە ١٢ی گەلاوێژ، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس»، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی کەناڵی «ئێن بی سی نیووز»، ڕایگەیاند کە ڕووسیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، زانیارییە هەواڵگری پێشکەوتووەکانی بە ڕێژیمی تاران داوە.
ناوبراو ئەم بابەتەی بە نیشانەیەکی تری زیادبوونی هاوکارییەکانی نێوان ڕکابەرەکانی واشنگتۆن لەقەڵەم داوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، مۆسکۆ زانیارییەکانی لەوانە داتای ماهوارەیی و زانیارییە سیگناڵییەکان دەستەبەر دەکات و بە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی دەدات هەتا لە شەڕ دژی ئەمریکا بە کاری بێنێت.
ئەم جۆرە زانیارییانە لە ڕێگەی گرتنی بڵاوبوونەوەی شەپۆلی ئێلێکترۆنیی تۆڕەکانی پەیوەندی، ڕادارەکان و سیستەمە سەربازییەکانەوە بەدەست دێن.
پەرەپێدانی هاوکاری لە نێوان ڕووسیا، ئێران و چین بریتییە لە نزیکبوونەوەی ستراتێژی، ئاڵوگۆڕی زانیاریی سەربازی و هەوڵدان بۆ دروستکردنی ڕێسایەکی فرەجەمسەری. ئەم پرۆسەیە بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی سزاکانی ڕۆژاوا و کەمکردنەوەی هەژموونیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە جیهاندا بیچمی گرتووە.