کاناڵی هەواڵی "سیئێنئێن" بڵاوی کردەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا بژاردە سەربازییەکانی بۆ بەرفراوانکردنی هێرشەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادە کردووە و هێزەکانی بۆ ئەنجامدانی گەڕێکی قورسی بۆردومانکردنی دوو حەفتەیی بۆ سەر بنکە مووشەکی، ئەتۆمی و ژێرخانەکانی وزەی ئێران لە ئامادەباشیدان.بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕەنگە شەپۆلی نوێی هێرشەکان لە ڕۆژەکانی شەممە و یەکشەممەوە دەست پێبکات.
هەر چەندە واشنگتۆن تا ئێستا لە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزە خۆی دەپاراست، بەڵام دۆناڵد ترامپ بەهۆی شکستی هەوڵە دیپلۆماسییەکان ڕایگەیاند کە هێرشی زۆر سەختیان دەکەینە سەر.
هاوکات سیئێنئێن جەختی کردەوە کە هێرشە ئەگەرییەکان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکان تەنیا لە شوێنێکی دیاریکراودا وەک "کێوی پیکاکس" (کوه کلنگ) کورت نابنەوە.
لە وڵامی ئەم هەواڵانەدا، کۆشکی سپی ڕایگەیاند سەرۆککۆماری ئەمریکا لە بەرانبەر ڕەفتارە تێرۆریستییەکانی تاراندا دەستەوستان ناوەستێت.
لە بەرانبەردا، هەواڵدەریی "فارس"ى سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران هەڕەشەی بەئامانجگرتنی بنکە گەورەکانی نەوت و گازی وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیلی کردەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە میدیاکانی دیکەی ئەمریکاش وەک "واڵستریت ژۆرناڵ" و "سیبیئێس" جەخت لە نزیکبوونەوەی کاتی هێرشە بەرفراوانەکان دەکەنەوە.