کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ڕەوتی گوشار بۆ سەر هاونیشتمانییانی کوردی خوراسان

11:07 - 13 گەلاوێژ 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، دوو کەسی خەڵکی ئاشخانەی خوراسان و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار، لەلایەن دەسەڵاتی بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە سزای ناڕەوای بەندکرانیان بەسەریاندا سەپێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، مەحموود شاددڵ، هاووڵاتیی ۳۰ ساڵانی کورد و خەڵکی «ئاشخانه» سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور و پاڵەوانی پێشبڕکێکانی ماتۆڕسواریی ئاستی سەرتاسەریی ئێران، کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴دا دەسبەسەر کرابوو، لەم دواییانەدا لەلایەن بەناو دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە بۆجنوورد، بە تۆمەتەکانی «پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم» و «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نەتەوەیی»  بە ۳ ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە تەواوی قۆناغەکانی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، ئەمیر‌محەممەد هاجەری، لاوی ٢٤ ساڵانی کورد و خەڵکی «ئاشخانە»، کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا دەسبەسەر کرابوو، سزای ۳ ساڵ و ۶ مانگ و ڕۆژێک بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپێنراوە و بڕیارە حەفتەی داهاتوو بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانە بکرێت.

لە دوای ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، گوشاری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکان بۆ سەر هاونیشتمانییانی کوردی خوراسان چەند قات زیادی کردووە و مەحکوومکران و سزادانیان لەوپەڕی نادادپەروەریدایە.