کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨٧٪ی نەوتهەڵگرەکانی ڕێژیمی ئێران کەوتوونەتە لیستی ڕەشەوە

11:27 - 13 گەلاوێژ 2726

هەوڵی کۆماری ئیسلامی بۆ دەربازبوون لە گەمارۆکان لە ڕێگەی "ناوگانی سێبەر"ی کەشتییە کۆنەکانەوە شکستی هێنا و شادەماری قاچاخی نەوتی ڕێژیم لەکار خرا.

شیرکەتی لێکۆڵینەوەی دەریایی "ویندوارد" ڕایگەیاند لە کۆی ٤٣٠ نەوتکهەڵگری چالاک لە بازرگانیی نەوتی ڕێژیمدا، ٨٧٪یان خراونەتە لیستی سزاکانەوە و ٦٢٪یان ئاڵای ساختە بەکار دەهێنن.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا تەنیا لە وەرزی دووەمی ئەمساڵدا ٦٣ کەشتیی پەیوەندیدار بە کۆماری ئیسلامیی سزا داوە.

ڕێژیم بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی، ئامێری ڕاداری کەشتییەکان دەکوژێنێتەوە و بارەکان بەشێوەی شاراوە دەگوازێتەوە تا لەژێر ناوی وڵاتانی دیکەدا بیانفرۆشێتە چین، کە گەورەترین کڕیاری نەوتی قاچاخی ئێرانە.

لە وڵامی ئەم پێشێلکارییانەدا، واشنگتۆن چەندین پاڵاوتگە و کۆمپانیای گەورەی چینیشی خستووەتە لیستی ڕەشەوە.

بەرپرسانی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە کە دەبێت کۆماری ئیسلامی باجی تاوانەکانی، لەوانە باجوەرگرتن لە بازاڕی وزە و هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی بدات.

لە بەرانبەردا، ڕێژیم هەڵگرتنی سزاکانی کردووەتە مەرجی کۆتاییهێنان بە شەڕ، ئەمەش نیشانەی گوشاری توندی ئابووری لەسەر تارانە.