کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران نەخشەی سەپاندنی باج لە بابولمەندەب دەکێشێت

11:36 - 13 گەلاوێژ 2726

وەزیری زانیاریی دەوڵەتی یاسایی یەمەن هۆشداریی دا کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی حوسییەکانەوە هەوڵ دەدات هەمان ئەزموونی باجگیریی گەرووی هۆرمۆز لە دەریای سوور و بابولمەندەب دووبارە بکاتەوە.

معەمەر ئەلئەریانی جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی دەیهەوێت بازرگانیی نێودەوڵەتی بکاتە بارمتەی ئامانجە سەربازییەکانی خۆی و ئەم ناوچەیە بکاتە سەرچاوەیەکی هەمیشەیی بۆ دابینکردنی دارایی تێرۆریزم.

ناوبراو زیادی کرد کە ئەمە هەڕەشەیەکی کاتی نییە، بەڵکوو پڕۆژەیەکی گشتگیرە بۆ گۆڕینی دەریای سوور و بابولمەندەب بۆ سەرچاوەیەکی هەمیشەیی بۆ دابینکردنی دارایی شەڕ و چالاکییە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی.

بەپێی زانیارییەکان، شارەزایانی سپای پاسداران ڕاستەوخۆ سەرپەرستیی نەخشەی باجگوەرگرتن لە کەشتییە بازرگانییەکان دەکەن و لەم نێوەدا تەنیا کەشتییەکانی چین لەم باجە دەبووردرێن.

ئەم ئاڵۆزییانە دوای گەمارۆدانی دەریایی عەرەبستان لەلایەن حوسییەکانەوە، هاتوچۆی دەریایی لە بابولمەندەبی بە ڕێژەی ٥٦٪ کەم کردووەتەوە.

لە کاردانەوە بەم هەوڵە ئاژاوەگێڕانەی ڕێژیمی ئێران و نیابەتییەکانی، عەرەبستان دروستکردنی هاوپەیمانییەکی دەریایی لە ١٤ وڵات بەمەبەستی پاراستنی ئەمنییەتی ئاویی ناوچەکە ڕاگەیاند.

ئەم دۆخە جارێکی دیکە دەریخست کە چۆن کۆماری ئیسلامی هێزە نیابەتییەکانی وەک ئامرازی گوشار و تێکدانی ئەمنییەتی جیهانی بەکار دەهێنێت.