کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایک پێنس: کاتی ئەوە هاتووە ئەمریکا و ئیسرائیل کارەکە تەواو بکەن

11:59 - 13 گەلاوێژ 2726

مایک پێنس، جێگری پێشووی سەرۆککۆماری ئەمریکا داوای چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی کۆماری ئیسلامی کرد و ڕایگەیاند کاتی ئەوە هاتووە واشنگتۆن و تێلاڤیڤ "کارەکە کۆتایی پێبهێنن".

پێنس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز"، ستایشی هێرشە ڕاستەوخۆکانی دۆناڵد ترامپ بۆ سەر ڕێژیمی ئێرانی کرد و داوای کرد واشنگتۆن فەرمان بە هێزە سەربازییەکانی بدات ئەو بنکە ئەتۆمییانەی کۆماری ئیسلامی بۆمباران بکەن کە ماونەتەوە و توانای دەسەڵاتی ئێران بۆ سەپاندنی هەژموونی لە گەرووی هۆرمۆز و سەرانسەری ناوچەکەدا لەنێو ببات.

جێگری پێشووی سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی کردەوە: "ئاشتی لەگەڵ دوژمندا ناکرێت، بەڵکوو ئاشتی لەگەڵ دوژمنی بەزێنراودا دەبێت."

ناوبراو ئاماژەی بە ڕەتکردنەوەی دانوستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کرد و وتی، دڵنیایە کاتێک دێت کە ترامپ بڕیاری کۆتایی بدات.

پێنس ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بە مێژوویی وەسف کرد و جەختی کردەوە ئێستا گونجاوترین کات بۆ ئەوەیە هێزە سەربازییەکانی هەردوو وڵات ئەرکەکەیان بەرانبەر ئەم ڕێژیمە تەواو بکەن.