خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تلویزیۆنی ئێران ئینتەرناشناڵ سەبارەت بە ئیدعاکانی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نیزامی لە هەرێمی کوردستان، دۆخی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەگەری فراوانبوونی شەڕ و ئاسۆی شەڕی ئێران و ئەمریکا لێدوانی دا.
عەزیزی وتی ئیدعاکانی پەیوەندیدار بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینیی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکانی چالاکیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕاست نین.
ئەو بە ئاماژەدان بە هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق وتی تاران لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی داوە بە دروستکردنی گێڕانەوەی ئەمنی، ڕای گشتیی ئێران بەرانبەر بە سنوورەکانی کوردستان هەستیار بکات و پاساو بۆ ئامادەیی سەربازیی خۆی لەم ناوچانەدا بێنێتەوە.
وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جەختی کردەوە کە ئەم حیزبە لە سیاسەتی بەکارهێنانی خاکی هەرێمی کوردستان وەک بنکەیەک بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی لە دژی کۆماری ئیسلامی کەڵک وەرناگرێ و نایەوێت کێشە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکات.
عەزیزی هەروەها سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی وتی ئەم پەیوەندییانە بە سیاسەتەکانی حکوومەتی هەرێمەوە پەیوەستن و حیزبەکانی کوردستانی ئێران هەوڵ دەدەن لە چوارچێوەی بارودۆخی ئێستادا چالاکی بکەن.
ئەو لە بەشێکی دیکەی ئەم چاوپێکەوتنەدا، شەڕی ئێران و ئەمریکای بە پرۆسەیەکی ماندووکەر وەسف کرد و وتی کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامبوونی قەیران و گرژییە ناوچەیییەکان بەدوای کڕینی کات و کەمکردنەوەی گوشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوەیە.
عەزیزی زیادی کرد کە خەڵکی ئێران باجی بەردەوامبوونی ئەم قەیرانانە دەدەن و کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات بە بەڕێوەبردنی قەیران، مانەوەی خۆی بپارێزێت.