سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی کابینەی ترامپ ڕایگەیاند، ئەو سەرمایە بلۆکەکراوەی کۆماری ئیسلامی کە دەستیان بەسەردا گیراوە، دەگەڕێندرێنەوە بۆ خەڵکی ئێران و قوربانییانی ئەمریکایی کە بوونەتە ئامانجی هێرشە تێرۆریستییەکانی گرووپەکانی سەر بە تاران.
بێسێنت ئاماژەی بەوە کرد کە لە مارسی ٢٠٢٥ـەوە بە فەرمانی سەرۆککۆمار، گەمارۆ داراییەکانی سەر ڕێژیمی ئێرانیان توندتر کردووەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی لە دێسامبری ٢٠٢٥ گەورەترین بانکی ئێران داڕمێت و بانکی ناوەندی ناچار بێت پارە چاپ بکات؛ بەوەش ڕێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە ١٨٠ لەسەد و ڕێژیم توانای دانی مووچەی هێزەکانی نەماوە.
وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا جەختی کردەوە کە سەرمایە دەسبەسەرگیراوەکانی ئێران لە سەرانسەری جیهان دەستنیشان دەکرێن و بەسەر زیانلێکەوتووانی ئەمریکا، لەوانە قوربانییانی تەقینەوەی پایگای سەربازیی بەیرووت لە ساڵی ١٩٨٣ و پەلامارەکانی سەر کەشتییەکان دابەش دەکرێن.
تەقینەوەی ١٩٨٣ی بەیرووت بووە هۆی کوژرانی ٢٤١ سەربازی ئەمریکا و ئەو وڵاتە پێیوایە هێرشەکە لەلایەن حیزبوڵڵای سەر بە ئێرانەوە ئەنجام دراوە.
هەروەها، لە ساڵی ٢٠٠٠ لە هێرشێکی خۆکوژیدا بۆ سەر کەشتیی "یو ئێس ئێس کۆڵ" لە ئاوەکانی کەنداودا، ٤٠ سەربازی ئەمریکا کوژران و ٤٠ی دیکەش بریندار بوون.